کوشتنی مرۆڤ یەکێکە لە تاوانە گەورەکان

کوشتنی مرۆڤ یەکێکە لە تاوانە گەورەکان

 

 

کوشتی مرۆڤی بێتاوان لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا یەکێکە لە گەورەترین تاوانەکان، ئەم کردارە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دژ بە بنەماکانی ژیان و بەها سەرەکییەکانی ئیسلام و مرۆڤایەتییە. ژیان مافی بنەڕەتی هەموو مرۆڤێکە، و هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە بە ناڕەوا یان بە ناھەق ئەم مافە لە کەسێکی تر بسەنێتەوە. هەر بۆیە، کوشتنی کەسی بێتاوان نەک تەنها زیانێکی گەورەی تاکە کەسییە، بەڵکو کاردانەوەیەکی خراپی لەسەر کۆمەڵگە بە گشتی هەیە، لە هەموو بنەماکانی ئایینی ئیسلامدا ژیانی مرۆڤ بەهایەکی بەرز و پیرۆزی هەیە، پاراستنی ئەم ژیانە بنەمای سەرەکی شەریعەتە. لە ئایینی ئیسلام، ژیانی مرۆڤ ئەمانەتێکی خودایە لەسەر زەوی و نابێت هیچ کەسێک بە ناحەق دەستی بۆ بەرێت. قورئانی پیرۆز بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکات: ﴿مَن قَتَلَ نَفْسًا بِغَيْرِ نَفْسٍ أَوْ فَسَادٍ فِي الْأَرْضِ فَكَأَنَّمَا قَتَلَ النَّاسَ جَمِيعًا﴾ (سورەتی المائدة: 32) واتە: کوشتنی کەسێکی بێتاوان وەک کوشتنی هەموو مرۆڤایەتییە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ژیانی مرۆڤ بایەخیکی گەورە و تایبەتی هەیە و نابێت بە ئاسانی خوێنی بڕژێت.


خوای گەورە ئاگاداری ئێمەی کردۆتەوە کە خوێنی مرۆڤ و ماڵی لە هەموو شتێک پیرۆزترە و نابێت دەستدرێژییان بکرێتە سەر. بۆیە کوشتنی بێتاوان لە ئیسلامدا یەکێکە لە گەورەترین تاوانەکان کە سزای قورس و توندی بۆ داندراوە.


پێغەمبەری خوا (ﷺ) بەردەوام بانگەوازی ئاشتی، لێبووردەیی و پاراستنی یەکتری کردووە و توندوتیژی و کوشتنی بە ناحەق وبێتاوان ڕەت دەکردەوە کە فەرموویەتی: (كُلُّ الْمُسْلِمِ عَلَى الْمُسْلِمِ حَرَامٌ: دَمُهُ وَمَالُهُ وَعِرْضُهُ) (رواەه مسلم) واتە: حەرام کرایە لەسەر ئێمە خوێن و ماڵ و منداڵ. چونکە لە ڕووی دەروونییەوە، کوشتنی مرۆڤی بێتاوان کاریگەرییەکی قوڵ لەسەر خێزان و کەسانی نزیک هەیە. دایک و باوکێک منداڵیان لەدەست دەدەن، منداڵێک بێ باوک یان دایک دەمێنێت، و ئەم دڵتەنگییە دەتوانێت بۆ ساڵانێکی زۆر بەردەوام بێت. ئەمە تەنها زیانێکی کاتی نییە، بەڵکو کاریگەرییەکی درێژخایەن هەیە لەسەر ژیانی کەسانی زیان لێکەوتوو.

لە ڕووی ئابووری و داهاتووی وڵاتەوە، ئەم کردارە کاریگەرییەکی زۆر خراپی دەبێت. ناتوانێت گەشە بکات و پێش بکەوێت. وەبەرھێنان کەم دەبێت، فێرکاری و پەروەردە زیانی بەردەکەوێت، و نەوەی نوێ لە ژینگەیەکی پڕ لە ترس گەورە دەبێت، کە ئەمەش کاریگەرییەکی زۆر لەسەر داهاتووی وڵات دەهێنێت، بۆیە پێویستە هەموومان هاوکاری یەکتربین بۆ پاراستنی کوردستان.

لە کۆتاییدا دەبێت ئەوە بزانین کە ژیانی مرۆڤی بێتاوان لە ھەموو شتێک گەورە تر و پیرۆزترە، پاراستنی ئەم ژیانە ئەركێکی ئایینی و مرۆڤایەتییە، پێچەوانەکەشی تاوانێکی گەورەیە کاریگەرییەکی وێرانکەری لەسەر تاک و کۆمەڵگە بە گشتی ھەیە.

 

د. عەبدولعەزيز مەنتك

Top