کاتێک تاجەکان دەفرۆشرێن؛ نەتەوە لە نێوان بازرگانیی سیاسی و خۆکوشتنی ئەخلاقیدا.
مێژووی شارەکان تەنها کۆمەڵە بەرد و دیوارێک نین، بەڵکوو شکۆنامەی نەتەوەیەک و ویژدانی زیندووی مێژوون. بەڵام کاتێک شارێک دەبێتە قوربانیی "بازاڕی سیاسی"، دەسەڵاتداران وەک بازرگانێکی دەستکورت و بێ پلان مامەڵە دەکەن. ئەوان نەک هەر ئێستای شار، بەڵکوو ڕابردوو و داهاتووەکەشی بە هەرزان دەفرۆشن، تەنها بۆ ئەوەی بۆ چەند ساتێکی کاتی، کورسییەکانیان لە هەرەسهێنان بپارێزن.
ئەو واقیعە تاڵەی ئەمڕۆ لە هەناوی بڕیارە سیاسییەکاندا دەبینرێت، جۆرێکە لە "خۆکوشتنی ئەخلاقی" لەبەردەم دەرگای بێگانەدا. کاتێک پۆستێکی سیادیی وەک سەرۆککۆمار، کە بڕیار بوو نوێنەرایەتیی ویستی نەتەوەیەک بکات، دەبێتە دیارییەک و بە قسەی لایەنە شیعەکان دادەنرێت، یان کاتێک ناسنامەی شارێکی وەک کەرکوک لە پێناو بەرژەوەندیی حیزبی و بۆ ڕازیکردنی نەیاران، دەخرێتە سەر مێزی مامەڵە و پارێزگارییەکەی دەدرێتە لایەنێکی تر، لێرەدا سیاسەت مانا ڕاستەقینەکەی خۆی لەدەست دەدات و دەبێتە "کۆیلایەتییەکی مۆدێرن" لەژێر پەردەی دیپلۆماسیدا.
دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی شار، وادەزانن بەم ملکەچییە دەتوانن تەمەنی حوکمڕانییان درێژ بکەنەوە، بەڵام مێژوو وانەیەکی توندی پێ گوتووین: "تاجە فرۆشراوەکان هەرگیز سەرەکان ناپارێزن." ئەو تاجەی بە ڕەزامەندیی بێگانە و بە فرۆشتنی خاکی نیشتمان دەخرێتە سەر سەر، لە یەکەم تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەدا دەشکێت و خاوەنەکەشی سەرشۆڕ دەکات.
سازشکردن لەسەر کەرکوک و سپاردنی چارەنووسی نەتەوەیەک بە ویستی تاران و ئەنقەرە و بەغدا، تەنها هەڵەیەکی سیاسی نییە، بەڵکوو خەنجەرێکی ژەهراوییە لە پشتی مێژووی شارێک کە هەمیشە بە "نا" گوتنی بەرز دە ناسراوە. جەستەی شار و ئیرادەی خەڵک زۆر لەوە گەورەترن کە لە ناو ئەو مامەڵە بچووکانەدا بمرێن.
سیاسەتێک کە نەتوانێت پارێزگاری لە شکۆی خۆی بکات، ناتوانێت پارێزگاری لە خاکیش بکات. ئەوانەی ئەمڕۆ بە شانازییەوە خەریکی دابەشکردنی پۆست و دەستکەوتەکانن لەسەر حسابی ناسنامەی نەتەوەیی، دەبێت بزانن کە مێژوو ڕەحم بە بازرگانەکان ناکات. مێژوو تەنها ئەو ناوانە دەپارێزێت کە لەبەردەم باهۆزی بێگانەدا وەک شاخ وەستان، نەک ئەوانەی لە پێناو مانەوەی خۆیان، شار و مێژووەکەیان کردە قوربانیی بازاڕی بەرژەوەندییەکان.

بەشدار باشووری