مه‌ترسییه‌كانی پۆپۆلیزم له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تانی هاوشێوه‌ی كوردستان
August 17, 2016
وتار و بیروڕا
وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره، پێویستی به گه‌ڕانه‌وه هه‌یه بۆ هاوكێشه‌یه‌كی ساده‌ی ماتماتیكی، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی له وڵاتانی تازه‌پێگه‌یشتوو كه ده‌چنه قۆناخی راگواستن، ئه‌مه‌ش نه‌ك ته‌نیا به‌مانای راگواستن له دیكتاتۆرییه‌وه بۆ دیموكراتی، به‌ڵكو راگواستن له ده‌وڵه‌تانی جیهانی سێهه‌مه‌وه بۆ ده‌وڵه‌تانی هاوشێوه‌ی جیهانی یه‌كه‌م (رۆژئاوا)، بارودۆخه‌كه به‌و شێوه‌یه كه به‌رده‌وام پاره‌ی پێویست بۆ بونیادنانه‌وه‌ی ژێرخانه‌كانی ده‌وڵه‌ت، په‌ره‌پێدانی توانای مرۆیی و سیستمی دامه‌زراوه‌یی، له‌و داهاته كه‌متره كه دێته به‌رده‌ستی حكومه‌ت، ئه‌مه ئه‌گه‌ر ئه‌و داهاته‌ی دێته به‌رده‌ستی حكومه‌ت، داهاتێكی سه‌قامگیری به‌رده‌وام بێت، نه‌ك داهاتێكی پچڕپچر و ناسه‌قامگیر، وه‌ك ئه‌و باره ئابوورییه‌ی ئێستا له ناو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا ده‌یبینین.
له ژینگه‌یه‌كی سیاسیی له‌مجۆره‌دا كه داهاتی دارایی و سه‌رچاوه‌ی مرۆیی بۆ هه‌ڵسووڕاندنی كاره‌كان و بونیادنانه‌وه‌ی ژێرخان زۆر سنوورداره، ئه‌وا ئه‌م ژینگه‌یه ده‌بێته ژینگه‌یه‌كی به پیت بۆ سه‌رهه‌ڵدانی شێوازه جیاوازه‌كانی پۆپۆلیست، لێره‌دا به‌رپرسه گه‌نده‌ڵه‌كانیش وه‌ك جۆرێك له پۆپۆلیست هه‌ژمار ده‌كه‌ین، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه چۆن به‌رپرسی گه‌نده‌ڵ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی پاره و خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردن هه‌موو پرانسیپێكی ئه‌خلاقی و ویژدانی له ژێرپێ ده‌نێت، سه‌ره‌نجامیش وه‌ك فیتنه و كاره‌سات له‌ناو كۆمه‌ڵگه ئاكامه‌كه‌ی ده‌بینین، به‌هه‌مان شێوه ئه‌و پۆپۆلیستانه‌شی له‌ناو پرۆسه‌ی سیاسی سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، بۆ ئامانجی خۆیان هه‌موو گه‌نده‌ڵییه‌كی سیاسی پیاده‌ده‌كه‌ن و هه‌موو ئه‌و ستوونانه‌ی كه ده‌بنه بونیادی سیستمه دیموكراتییه‌كه له‌لایه‌ن پۆپۆلیسته‌كانه‌وه ده‌ستیان بۆ ده‌برێت و ژینگه‌یه‌كی گه‌نده‌ڵی سیاسیی ئه‌وتۆ دروست ده‌كه‌ن كه ئه‌ویش ئاكامه‌كه‌ی هه‌ر ئه‌و فیتنه و كاره‌ساته‌یه كه بێ متمانه‌یی له كۆمه‌ڵگه دروست ده‌كات.
لێره‌دا گرنگه دووباره جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ینه‌وه كه وه‌رچه‌رخان به‌ره‌و دیموكراتی بریتی نییه له‌دانانی سندوقێك بۆ ده‌نگدان و چه‌پڵه‌ڕێزان و ته‌پڵ لێدانی ناو په‌رله‌مان، یان به‌كارهێنانی شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كان له‌لایه‌ن ده‌سته‌بژێرێكی پۆپۆلیسته‌وه بۆ به سیاسیكردنی ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵك، گه‌وره‌ترین مه‌ترسی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی دیموكراتی له قۆناخی راگواستندا ئه‌وه‌یه له رێگه‌ی میدیا به‌گشتی و شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵك به سیاسی بكرێت و توخمه سه‌ره‌كییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی سووك بكرێن، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر دیموكراتییه‌ت بچووك بكرێته‌وه بۆ سندوقێكی ده‌نگدان و ته‌پڵ لێدانی ناو په‌رله‌مان و هه‌وڵدان بۆ به‌سیاسیكردنی ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵك، ئه‌وا وه‌ك فه‌رید زه‌كه‌ریا ده‌ڵێت ئه‌و ژینگه‌یه لیبڕاڵ دیموكراتی به‌رهه‌م ناهێنێت، به‌ڵكو دیموكراتی نه‌خۆش به‌رهه‌م ده‌هێنێت، دیاره مه‌به‌ستیش له مه‌ترسیی دیموكراتی نه‌خۆش ئه‌وه‌یه كه سندوقی ده‌نگدان نابێته هۆكاری چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، به‌ڵكو ده‌بێته هۆكارێك بۆ دروستبوونی فیتنه و كاره‌سات و لێكترازانی یه‌كڕیزی و دابه‌شبوون و جه‌مسه‌رگیری له كۆمه‌ڵگه‌دا، ئه‌مه‌ش وه‌ك فه‌رید زه‌كه‌ریا كه زۆر به باشی ده‌ستنیشانی كردووه، ئاینده‌ی ئازادی و دیموكراتی ده‌خاته ئه‌م مه‌ترسییه‌وه.
ئه‌گه‌ر له‌م خاڵه‌وه ژینگه‌ی سیاسیی ئێستای كوردستان وه‌ك نموونه‌یه‌ك بخه‌ینه‌ڕوو و بوێرانه كاری له‌سه‌ر بكه‌ین، ئه‌وا ئه‌و ژینگه سیاسییه‌ی كه پرۆسه‌ی سیاسی تێدا به‌ڕێوه ده‌چێت و ئه‌و شێوازه پۆپۆلیستییانه‌ی كه حزبه‌كان پیاده‌ی ده‌كه‌ن، ئه‌و چاوچنۆكییه‌ی كه به‌شێكی به‌رپرسه‌كان هانده‌دات بۆ گه‌نده‌ڵی، هه‌رگیزا و هه‌رگیز نابێته میكانیزمێك بۆ وه‌رچه‌رخان به‌ره‌و دیموكراتی و ئازادی، به‌ڵكو ده‌بێته میكانیزمێك بۆ كۆتاییهاتنی دیموكراتی و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جددی بۆ سه‌ر ئاینده‌ی ئازادی له كوردستاندا.
كێشه‌ی سه‌ره‌كیی ژینگه‌ی سیاسیی كوردستان ئه‌وه‌یه كه بیركردنه‌وه و ره‌فتاری پۆپۆلیستانه بۆته دیارده‌ی باوی سیاسه‌تكردن و حوكمڕانی له كوردستاندا، ئه‌م بیركردنه‌وه و ره‌فتارانه چ له بواری سیاسه‌تكردن بێت، وه‌ك پێوه‌ندی نێوان حزبه سیاسییه‌كان، هینده‌ی كێشه دروست ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت كۆمه‌ڵگه دابه‌ش بكه‌ن، هێنده هه‌وڵناده‌ن چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كان بدۆزنه‌وه و كه‌لێنه‌كانی نێوان خه‌ڵك و حزبه سیاسییه‌كان پڕبكه‌نه‌وه، له‌مه‌ش زیاتر به رێگه‌ی هۆیه‌كانی راگه‌یاندن و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه، ئه‌م ژینگه سیاسییه ناله‌باره‌یان گواستۆته‌وه ناو هه‌موو ماڵێك و ته‌واوی ژیانی خه‌ڵك به سیاسی كراوه، ئاكامه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه كه بێمتمانه‌ییه‌كی گه‌وره له نێوان سیاسییه‌كان و خه‌ڵك دروست بووه و بێئومێدییه‌كی هیوابڕ باڵی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا كێشاوه، له‌بواری حوكمڕانیشدا له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستی په‌رله‌مان و حكومه‌ت، دیسان ئه‌م بیركردنه‌وه و ره‌فتاری پۆپۆلیستییانه بۆته دیارده، له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مان، كاری سه‌ره‌كیی په‌له‌مانتار له بری ئه‌وه‌ی چاودێری بێت له‌سه‌ر هه‌موو كاره‌كانی حكومه‌ت و هه‌وڵدان بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی خه‌ڵك، ده‌بینین بۆته سیخوڕیكردن به سه‌ر حزبه ركابه‌ره‌كه‌ی به‌رامبه‌ریه‌وه، سیخوڕیكردن به‌و مانایه به‌كارده‌هێنین، كه به‌شی زۆری په‌رله‌مانتارانی كوردستان هه‌وڵ ناده‌ن به به‌ڵگه گه‌نده‌ڵی ئاشكرا بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك چاك بكه‌ن، به‌ڵكو هه‌یه زۆر به وردی به دوای به‌ڵگه‌یه‌كدا ده‌گه‌ڕێت ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانتارێك، یان به‌رپرسێكی حزبه ركابه‌ره‌كه‌ی به‌رامبه‌ری پێ ناشیرین و ریسوا بكات، ئه‌مه‌ش وایكردووه كاری سه‌ره‌كی په‌رله‌مانتار ببێته ئه‌وه‌ی چۆن و به چ رێگه‌یه‌ك به‌ڵگه‌یه‌كی ده‌ست بكه‌وێت كه په‌رله‌مانتارێكی هاوپیشه‌ی، یان به‌رپرسی لایه‌نێكی دیكه‌ی پێ ریسوا و ناشیرین بكات، ئه‌م بیركردنه‌وه و ره‌فتاره ته‌نانه‌ت له كۆبوونه‌وه ئاساییه‌كانی په‌رله‌مان و ناو لیژنه‌كانی ناو په‌رله‌مانیش بوونی هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانتار له‌و كۆبوونه‌وانه بۆ ئه‌وه به‌شداری ناكات تا به‌شێك بێت له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، به‌ڵكو به‌شداری ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی موزایه‌ده‌ی سیاسی بكات و پاشان له شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆن و هۆیه‌كانی دیكه‌ی راگه‌یاندن و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوی بكاته‌وه، بۆیه ئه‌م ژینگه ناته‌ندروسته‌ی بیركردنه‌وه و ره‌فتاری پۆپۆلیستییانه‌یه بۆته هۆكاری ئه‌وه‌ی كه په‌رله‌مان له‌بری ئه‌وه‌ی ببێته چه‌ترێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و دروستكردنی یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستی له‌ناو خه‌ڵكی كوردستاندا، ئه‌وا خۆی بۆته به‌شێك له‌سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كان و لێكترازانی نێوماڵی كورد، دیاره له‌ناو حكومه‌تیش به‌هه‌مان شێوه‌یه و ئاشكرایه پۆستی وه‌زیر تا ده‌گاته به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌یه‌ك هه‌مووی پشكپشكێنه‌ی حزبییه، ده‌بینین به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی حزب بۆ ئه‌و پۆستانه ده‌ستنیشانی ده‌كات، هه‌مان شێوازی بیركردنه‌وه و ره‌فتاری پۆپۆلیستییان هه‌یه، بۆیه ده‌بینین له بری ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌رپرسه ئه‌وجا (وه‌زیره ، بریكاره ، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتییه، یان به‌ڕێوه‌به‌ر، یان سه‌رۆكی به‌شه)، هێنده‌ی كار بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆی و حزبه‌كه‌ی ده‌كات، كار بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ناكات، ئه‌وجا له‌به‌ر ئه‌وه‌شی له ژینگه‌ی سیاسی‌دا حزبه‌كان به ره‌فتار و بیركردنه‌وه‌ی پۆپۆلیستییانه وایانكردووه به‌رژه‌وه‌ندی حزب و خه‌ڵك له بازنه‌یه‌كدا پێكه‌وه كۆنه‌بنه‌وه، ئه‌وا له حوكمڕانیشدا به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی به‌رپرسه‌كه و حزبه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك كۆنابنه‌وه، ئه‌مه واده‌كات له‌بری ئه‌وه‌ی كاری رۆژانه‌ی حكومه‌ت هێنده‌ی ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی دروستكردنی كێشه بۆ خه‌ڵك، هێنده نابێته هۆكارێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی خه‌ڵك و هه‌ر هه‌نگاوێكیش به حیساب بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی خه‌ڵك هه‌ڵده‌گرێت، له‌بری ئه‌وه‌ی كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكات، كێشه‌یه‌كی دیكه بۆ هاووڵاتی دروست ده‌كات. ئه‌م حاڵه‌ته وه‌ك پڕۆفیسۆر كاس مودی هۆڵه‌ندی ئاماژه‌ی پێكردووه، كاتێك پۆپۆلیزم ده‌بێته دیارده، ئه‌وا هه‌موو شتێك وێنه‌یه‌كی خه‌یاڵاوی پۆپۆلیسته‌كه وه‌رده‌گرێت، بۆیه كاتێك پۆپۆلیست باسی كۆمه‌ڵگه ده‌كات، باسی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه ناكات كه خۆی تیایدا ده‌ژی، به‌ڵكو باسی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی خه‌یاڵاوی ده‌كات، كاتێك باسی حزب ده‌كات، باسی حزبه‌كه‌ی خۆی ناكات، باسی حزبێكی خه‌یاڵی ده‌كات، كاتێك باسی په‌رله‌مان و حكومه‌ت ده‌كات، مه‌به‌ستی ئه‌و په‌رله‌مان و حكومه‌ته نییه كه كێشه‌ی خه‌ڵك چاره‌سه‌ر ده‌كات و یه‌كڕیزیی كۆمه‌ڵگه ده‌پارێزێت، به‌ڵكو باسی ئه‌و حكومه‌ت و په‌رله‌مانه خه‌یاڵییه ده‌كات كه خۆی بۆ خۆی وێنای ده‌كات و ده‌بێته مینبه‌ری گوتاره پۆپۆلیستییه‌كه‌ی. بۆیه كاتێك هه‌موو شتێك له فیكر و ره‌فتاری پۆپۆلیستیدا ده‌گۆڕێت بۆ خه‌یاڵ، ئه‌وا گومانی تێدا نییه دیموكراتی و ئازادیش بێجگه له خه‌یاڵێك شتێكی دیكه نابێت.

فه‌رهاد محه‌مه‌د