بە ئۆتۆمبێل لێی دەدات و بە گوللەیەكیش دەیكوژێت
July 26, 2016
کۆمەڵایەتی
ئێوارەی 8/7/2016 لە نزیك مەیدانی ئاژەڵان لە ناحیەی رزگاری تەرمی پیاوێكی تەمەن 43 ساڵ بەنێوی (لوقمان.ج) دانیشتووی شارۆچكەی كەلار، دۆزرایەوە. لوقمان پێشمەرگەی كەمئەندامی سەنگەر بوو. دوای نۆ رۆژیش لە تاوانەكە، بكوژەكە خۆی رادەستی پۆلیس كرد.
رائید عەلی جەمال قەدوری، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، دوای كوژرانی ئەو پێشمەرگەیە، تیمێكی لێكۆڵینەوە پێكهێنرا، لە ماوەی كەمتر لە 24 كاژێردا لەڕێگەی كۆكردنەوەی زانیاری و كامێرای چاودێرییەوە، توانرا ئەو ئۆتۆمبێلە بدۆزرێتەوە كە تاوانەكەی پێكراوە، پاشان زانیاری لەسەر بكوژەكە (ك.ع) كە گەنجێكی تەمەن 23 ساڵە وەرگیرا و رۆژی 17ی ئەم مانگە خۆی رادەستی پۆلیس كرد.
قەدوری گوتی "تۆمەتبار لە لێكۆڵینەوەدا باسی چۆنیەتی كوشتنی ئەو پیاوەی كرد و گوتی سەرەتا بە ئۆتۆمبێل لێیداوە، بەڵام نەمردووە، دواتر خستوویەتییە نێو ئۆتۆمبێلەكەی و لە نزیك مەیدانی ئاژەڵان لە ناحیەی رزگاری بە فیشەك كوشتوویەتی".
سەبارەت بە هۆكاری رووداوەكەش جەمال قەدووری گوتی "هۆكاری رووداوەكە بۆ دوژمندارییەكی كۆن دەگەڕێتەوە، كاتی خۆی باوكی (ك) بە هەڵە بە دەستی لوقمان كوژراوە و دواتر سوڵحیان كردووە. بەڵام (ك) ئەوكات منداڵ بووە و ئێستا گوایە تۆڵەی باوكی كردووەتەوە".
(ك.ع) دانیشتووی شاری سلێمانییە، بە گوتەی قەدووری، (ك) پێشتر پلانی بۆ كوشتنی بكوژەكەی باوكی داناوە "تۆمەتبار لە سلێمانییەوە بەتایبەت بۆ كوشتنی ئەو پێشمەرگەیە هاتووە و ئۆتۆمبێلەكەشی تایبەت بۆ ئەو تاوانە كڕیوە".
21 ساڵ لەمەوبەر لە ناوچەی شانەدەری نزیك سەیدسادق، لوقمان باوكی (ك)ی كوشتووە. كەسێكی نزیكی لوقمان بە (رووداو)ی گوت "لە شانەدەر برایەكی لوقمان كە ئێستا لە ژیاندا نەماوە، لەگەڵ برایەكی (ك) كە منداڵ بوونە شەڕیان كردووە، لوقمانیش لەو كاتەدا چەكی پێ بووە و فیشەكێكی تەقاندووە و فیشەكەكە بەر باوكی (ك) كەوتووە".
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی "ئەوكات باوكی (ك) جەڵتە لێی دابوو، فیشەكەكە بەر لەپی دەستی كەوتبوو، بردمانە نەخۆشخانە و دوای چەند رۆژێك گیانی دەرچوو، پاشان بە فەرمانی دادوەر دوای 31 رۆژ لە گۆڕەكەی دەرهێنرایەوە و پشكنینی بۆ كرایەوە، دەركەوت هۆكاری مردنەكەی بەهۆی جەڵتەكەوە بووە نەك فیشەكەكە، بەڵام ئێمە گوتمان لەبەرئەوەی گوللەی لوقمانی بەركەوتووە، ئەوكات بە 50 هەزار دینار سوڵحمان كرد، لوقمانیش نزیكەی ساڵێك لە زیندان مایەوە".
خزمەكەی لوقمان پێیوایە لوقمان بە "ناحەق" كوژراوە و دەڵێت "لوقمان بە ناهەق كوژراوە، چونكە پێشتریش مەبەستی كوشتنی ئەو پیاوە نەبووە، دوای رووداوەكەش كەسوكاری (ك) پەیوەندییان پێوە نەكردووین و ئێمەش دۆسیەكەمان داوەتە دەست یاسا".
لوقمان دەبێتە چوارەمین قوربانی كە ئەمساڵ لەسەر دوژمنداری لە كوردستان كوژراون. لە كۆتایی مانگی ئاداردا پیاوێك لە شارۆچكەی دەربەندیخان كوژرا كە ساڵانی نەوەدەكان كەسێكی كوشتبوو، لە مانگی نیسانیشدا پیاوێكی دیكە لە نزیك بانی مەقان لەلایەن كەسێكەوە كوژرا كە پێشتر برای پیاوەكە برایەكی ئەو كەسەی كوشتووە.
هەر بەهۆی دوژمندارییەوە مانگی رابردوو لە شارۆچكەی سۆران مامۆستایەك كوژرا.
رووداو
