بەنگلادیشییەك بۆ گوڵان : لە وڵاتی خۆمان داهاتم كەم بوو، لەگەڵ كۆمپانیایەك رێككەوتم و هاتم بۆ كوردستان. خەڵكی كوردستان زۆر باشن، رێز لە میوان دەگرن.

بەنگلادیشییەك  بۆ گوڵان : لە وڵاتی خۆمان داهاتم كەم بوو، لەگەڵ كۆمپانیایەك رێككەوتم و هاتم بۆ كوردستان. خەڵكی كوردستان زۆر باشن، رێز لە میوان دەگرن.
هەرێمی كوردستان تا پێش بڕینی بودجەی لە لایەن حكومەتی عێراقی و شەڕی داسەپاوی تیرۆریستانی داعش و لەخۆگرتنی نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر، لە رەوتی گەشەسەندنێكی خێرادابوو، تەنانەت لە وڵاتانی وەك چین و فیلیپین و ئەندونیسیا و بەنگلادیش و ....هتد، هێزی كار (لە هەر دوو رەگەز) رەوانەی هەرێم دەكران و تا ئێستاش ژمارەیەكی زۆریان لە شارەكانی باشووری كوردستان و لە پیشەی جۆراوجۆر كار دەكەن. پیاوێكی بەنگلادیشی لە دیدارێكیدا لەگەڵ گوڵان باسی ئاریشەكانی خۆی و خێزانەكەی دەكات و سەرەڕای ئیدانەكردنی تیرۆریستانی داعش، ئەوان بە هۆكاری «بڵاوبوونەی هەژاری و مەرگ» لە قەڵەم دەدات.

لەسەر عەرەبانەیەك ئاگردانێكی خڕی داناوە و گوڵەبەڕۆژوی تێدا دەبرژێنێ. هەندێك كلووچەی دەستكردی خۆی و چەند جۆرێك چەرەساتی داناوە و بە روویەكی خۆش و دەم بە بزەوە كڕیارەكانی بەڕێ دەكات. بە رەچەڵەك خەڵكی بەنگلادیشە و زمانی كوردی بە تەواوی فێر بووە و قسەی پێ دەكات. خۆی بە محەمەد راجشاهی دەناسێنێت. وەك باسی كرد باوكی سێ منداڵە و ماوەی حەوت ساڵە لە شاری هەولێر گیرساوەتەوە. ئەو بە رۆژ لە كۆمپانیایەك كار دەكات و شەوانیش تا درەنگان لە سەر شەقام چەرەسات دەفرۆشێت. محەمەد بەمجۆرە باسی چۆنیەتی هاتنی بۆ كوردستان دەكات: «لە وڵاتی خۆمان داهاتم كەم بوو، لەگەڵ كۆمپانیایەك رێككەوتم و هاتم بۆ كوردستان. خەڵكی كوردستان زۆر باشن، رێز لە میوان دەگرن. من ئەوە ماوەی حەوت ساڵە لێرەم. هیچ كێشەیەكم نەبووە. خەڵكیش زۆر یارمەتییان داوم. بەڵام لەو كاتەوە داعش پەلاماری كوردستانی داوە، هەموو خەڵك داهاتی خراپ بووە. ئێمەش وەك ئەو خەڵكەین، چونكە داعش لە كافر خراپترن، ئەوان هەژاری و مەرگ بڵاو دەكەنەوە. محەمەد سوپاسی خوا دەكات كە پێشمەرگە توانیویەتی ئەفسانەی داعش پووچەڵ بكاتەوە. ئەو خوێندەوارییەكی باشی هەیە و بە چەند زمانێك ئاشنایە و قسەی پێ دەكات. بەڵام ئەوەی زۆر ئازاری دەدات ئەوەیە كە ماوەی حەوت ساڵە زێدی خۆی نەدیوە. هەر لەو بارەیەوە بە نیگەرانییەكی زۆرەوە دەڵێت: «ماوەی حەوت ساڵە یەك جار ژن و منداڵی خۆم بینیوە، ئەویش ئەوان هاتوون سەردانیان كردووە. پێمخۆش بوو ئەوان كوردستان ببینن، سەفەرێكی خۆش بوو بۆیان. هاوسەرەكەم و دوو كچە گەورەكەم و كوڕە بچووكەكەم كوردستانیان خۆش ویست. منداڵەكانم زۆر دڵخۆش بوون كە زانییان هەولێر ئەمن و ئەمانە و من لە شوێنی مەترسیدار نیم. چونكە لە بەنگلادیش وایان بیستبوو كە داعش كوردستان داگیر دەكات. خەڵك لەو تیرۆریستانە دەترسن، ئەوانە دڕندەن، نامرۆڤن، رەحم بە ژن و منداڵیش ناكەن، تا داعش نەهاتبوو سەیرانگاكان پڕ بوو. خەڵك دڵی خۆش بوو، مەعاشی باش بوو، ئێستا خەڵك هیچیان ناوێت، تەنیا دوعا دەكەن خوا تیرۆریستانی داعش تەفر و توونا بكات».
راجشاهی لە كۆتایی قسەكانیدا دەڵێت: من لە كوردستان كاسبی باشم كرد، ئێستا خانووی خۆمان هەیە و ماوەیەكی دیكە ناچارم سەردانی خێزانەكەم بكەم، چونكە كچەكەم هاوسەرگیری دەكات و ئەگەر ئەوە نەبووایە هەرگیز كوردستانم بەجێ نەدەهێشت، كوردستان وڵاتی دووەمی منە و هەمیشە دوعا دەكەم خوا ئاوەدانتری بكات.
Top