داعش لە رێگەی فەیسبووكەوە كچانی ئێزیدی دەفرۆشێت
June 13, 2016
کۆمەڵایەتی
لە 20ی مانگی ئایاری رابردوو چەكدارێكی داعش بە ناوی (ئەبو ئەسعەد ئەڵمانی) وێنەی كچە كوردێكی ئێزیدی تەمەن 18 ساڵی لە فەیسبووك دانا و لە ژێری نووسیبووی: «ئەم كچە بۆ فرۆشتنە و نرخەكەشی 8 هەزار دۆلارە». دواتر وێنەیەكی دیكەی لە كچانی كوردی ئێزیدی داگرت كە چاوەكانی سوورهەڵگەڕاو بوون و روخساری جێگەی لێدانی پێوە دیار بوو، لە كۆمێنتی ئەو وێنەیەش نووسیبووی: «ئەم كچەش بە هەمان نرخ بۆ فرۆشتنە.» ئەگەر چی فەیسبووك دوای چەند كاتژمێرێك وێنەكانی لابرد، بەڵام لە نێو میدیای جیهانیدا دەنگۆیەكی گەورەی پەیدا كرد و رۆژنامەی واشنتن پۆست-ی ئەمەریكی، ئەوەی بڵاوكردەوە كە ئەو ئافرەتە رفێندراوانە بە مەبەستی زیادكردنی داهاتی رێكخراوەكە چەندینجار مامەڵەیان پێوە كراوە و فرۆشراونەتەوە، لە كاتێكدا هیچ گرەنتییەكی ژیان كردنیشیان نییە، ئەویش بە هۆی كەمیی خۆراك و دەرمان، وێڕای ئەوەی ئەو جێگایانەی لێی حەشاردراون، مەترسیدارە و ئەگەری ئەوەی هەیە لە هەر چركەساتێك بۆردوومان بكرێت. هەر لەم رووەوە (ستیڤن ستالینسكی) بەڕێوەبەری جێبەجێكار لە پەیمانگەی راگەیاندن و توێژینەوە لە واشنتۆن، ئاماژە بەوە دەكات: شتگەلێكی زۆرمان لە وەحشیگەرییەكانی ئەو رێكخراوە بینیبوو، بەڵام ئەوەی لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا كردیان، پێشێلكارییەكی دڕندانە بوو، فرۆشتنی ژنانیش لە رێگەی پێگە كۆمەڵایەتییەكان جگە لە نموونەیەك لە كارە وەحشیگەرییەكانی ئەو رێكخراوە هیچی دیكە ناگەیەنێت.
تاڤگە عومەر بەڕێوەبەری گشتی كاروباری مافی مرۆڤ لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە كوردستان، لە بارەی هەمان پرس تایبەت بۆ گوڵان گوتی: «ئەركی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و هەموو ئەو دەزگایانەی پەیوەستن بە پاراستنی مافەكانی مرۆڤەوە كە كاربكەن بۆ ئەوەی حكومەتەكان ناچار بكەن بۆ ئەوەی بڕیاری 2513ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودوڵەتی جێبەجێ بكەن، كە تایبەتە بە پاراستنی ژنان و منداڵان لە كاتی جەنگ و ململانێ ناوخۆییەكان، پێویستە ئەو فشارە دروست بكرێ بۆ ئەوەی ناوەڕۆكی بڕیارەكە وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت، وەكو تێبینی كراوە حكومەتی ناوەند لە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە زۆر زۆر كەمتەرخەمە، تەنانەت هەتا ئێستاش بودجەیەكی تایبەتی بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە دیاری نەكردووە، هاوكات زۆربەی ئەو ژنانەی كە دەفرۆشرێن لە دەرەوەی سنووری دەسەڵاتی هەرێمی كوردستانن، هەروەها خاڵێكی دیكەش گرنگە ئەنجامی بدەن، ئەوەیە بە مەبەستی رێگریكردن لەم كارە نامرۆییە، پێویستە لۆبییەكی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و لە نێوان رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و رێكخراوەكانی ژنان دروست بكرێت، چونكە ئەنجامدانی ئەو كارە تەنیا ئیشی رێكخراوێك لە هەرێمێكی دیاریكراو، یان دەوڵەتێكی دیاریكراودا نییە، بەڵكو پێویستی بە هەڵمەتێكی جیهانی هەیە، تاوەكو لە رێگەی لۆبییەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رێگری لەم حاڵەتە بكەن، ئەو رێكخراوانەش لە سنووری ئەو وڵاتانەن كە مامەڵەی كڕین و فرۆشتن بە كچانی كوردی ئێزیدی دەكرێ، ئەوانیش بهێننە سەر خەت بۆ كۆمەك كردنیان، ئەركی سێیەمی رێكخراوەكانیش ئەوەیە هەوڵی بڵاوكردنەوەی هۆشیاری بدەن، واتە هۆشیاریدان بە خەڵك و هۆشداریدان بەو وڵاتانەی كە هەڵدەستن بە كڕینی ئەو كچانە، لەوە هۆشیار بكرێنەوە كە مامەڵە پێوەكردنیان كارێكە پێچەوانەی هەموو بەها مرۆییەكان و دژی هەموو بەها و بنەماكانی مافی مرۆڤە بۆ ئەوەی ببێتە هۆكاری رێگریكردن لە حاڵەتەكە.»
فلامینا وەحید بەرپرسی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، لە ئاخافتنێكیدا بۆ گوڵان جەختی لەوە كردەوە كە «پێویستە رێكخراوەكانی ئافرەتان بۆ گەڕاندنەوەی ئافرەتی كوردی ئێزیدی لە رێگەی پێوەندییەكانیانەوە لەگەڵ رێكخراوەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق هاوكاری ئەو ئافرەتانە بكەن بۆ دەرچوون لە دەستی داعشی تیرۆریست، دواتر فشار لەسەر رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دروست بكەن، بەوەی كە دەبێت هاوكار بن لە كڕینەوە، یان هەر جۆرێكی دیكەی رزگاركردنی ئافرەتانی رفێندراو لە لایەن داعشەوە.» گوتیشی: «رێكخراوەكان و خەڵكی مەدەنی بەگشتی بە پێدانی بیرۆكە دەتوانن هاوكاری دەزگا هەواڵگرییەكانی پێشمەرگە قارەمانەكان بن، بۆ ئەوەی پلانی رزگاركردنیان بەپەلە تاوتوێ بكەن. هەر كەسێكیش هەر بیرۆكەیەكی لە هزر و پەرۆشی و قووڵایی بیركردنەوەی بۆ چارەسەر، یان بۆ رزگاركردنی ئەو ئافرەتە رفێندراوانە هەیە، پێویستە بیدات بە دەزگا پێوەندیدارەكانی هەرێم، هەروەها پێویستە پارێزەرانی مافی مرۆڤ هەموو زانیارییەكان كۆ بكەنەوە و لە رێگەی گفتوگۆكردن بتوانن كەناڵێك بدۆزنەوە كە بە هۆیەوە ئاسانكاری بێت بۆ گەڕاندنەوەیان، بۆ نموونە بتوانن بە قسەكردن لەگەل ئەو بێ ویژدانانە هەندێ زانیاری لە بارەی شوێن و مانەوەیان دەستمان بكەوێت و لایەنی پێوەندیدار سوودیان لێ ببینێت، پێویستە یاسایەكیش هەبێت كە بە هاتنەوەیان ماف و شكۆیان بپارێزیت و نەهێڵێت رێكخراوە بیانیەكان بۆ دەرەوەی وڵاتیان ببەن، پێویستە ئێمە لەوە هۆشیارتر بین و لە سەر چاوی خۆمانیان دابنێین.»
لەلای خۆیەوە خەیری بۆزانی بەڕێوەبەری گشتی كاروباری ئێزیدییەكان لە وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تایبەت بۆ گوڵان گوتی: «بێدەنگبوونی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاست تاوانەكانی داعش بەرامبەر بە كچان و ژنانی ئێزیدی ئەو بارودۆخەی ئێستای دروستكردووە، زۆر بەداخەوە ژنانی ئێمە وەكو سەبایە و جاریە لە سەر ماڵپەڕەكان مامەڵەی كڕین و فرۆشتنیان پێدەكرێت، شەرمە بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و بان كیمۆن و وڵاتە زلهێزەكان و هەموو ئەوانەی لە ئاست چارەنووسی ژنانی رفێندراوی كوردی ئێزیدی چاویان داخستووە و خۆیان لە بەرامبەر پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ بە بەرپرس نازانن و هەوڵی راگرتنی ئەو كارە نامرۆڤانەی داعش نادەن. ئەگەر ئەمەریكا لە دژایەتیكردنی داعش جددییە و رووبەڕوویان دەبێتەوە، پێویستە ئەو لاپەڕانە دابخات و ئەو شەڕە دەروونییە لەگەڵ خەڵك كۆتایی پێ بێنێت.»
خەیری بۆزانی ئەوەشی خستەڕوو كە «داعش لەكاتی هێرشەكەی بۆ سەر شنگال زیاتر لە 6389 كوردی ئێزیدی رفاندووە و تا ئێستا 3800 كوردی ئێزیدی لە ژێر دەستی داعشدا ماونەتەوە و دەستی رزگار كردنیان پێنەگەیشتووە و لەوانەش 1900 كەسیان ئافرەتن.»
ئەو بەڕێوەبەرە گشتییەی كاروباری ئێزیدییەكان لە رێكەوتی 6/6/2016 نامەیەكی كراوەی لە رێگەی نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر ئاراستەی بان كیمۆن ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە، نامەكەی بەڕێوەبەری گشتی كاروباری ئێزیدییەكان روونكردنەوە و داواكارییەكانی لە چوار خاڵی گرنگدا كۆكردووەتەوە و ئاماژەی بە كەمتەرخەمی و بێدەنگی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە لە بەرامبەر ئەو هەموو ستەمەی ئەو رێكخراوە دەرهەق بە ئێزیدییەكانی كردووە، لە سەرووی هەموویانەوە دەستدرێژیكردنە سەر كەرامەتی ژنان و ئەتككردنی كچانی منداڵ. لە نامەكەیدا كە ئاراستەی بان كیمۆن كراوە، نووسیویەتی: «ئێوە لە كونسوڵخانەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك ئاماژەتان بەوە كردووە كە گوایە ئێزیدییەكان بڕی 45 ملیۆن دۆلاریان وەكو فدیە بۆ رزگاركردنی ژنە رفێندراوەكان داوەتە داعش، ئەوە قسەیە دوورە لە راستی و ئێمە لە نووسینگەی رزگاركردنی رفێندراوە ئێزیدییەكان هیچ دەعمێكی ماددی و موعنەویمان لە هیچ كەس و لایەن و وڵاتێك لە سەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی وەرنەگرتووە، جگە لە هاوكارییەكانی نووسینگەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و دەزگا ئەمنییەكانی هەرێم، لێرەوە داوا لە نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان و كونسوڵخانە و سەفارەتی وڵاتانی جیهان لە هەرێمی كوردستان دەكەم كە راستیی ئەم دەنگۆیانە بۆ هەموو لایەك روون بكرێتەوە، كە ئایا ئەو بڕە پارەیەمان لە كوێ وەرگرتووە، سەرەڕای ئەو كوشت و بڕییەی بەسەر ئێزیدییەكان هات، رێگە نادەین لەوە زیاتر لە شكۆمان كەم بكرێتەوە».
دوای ئەوەی داعش لە 3/8/2014 هێرشی كردە سەر شنگال هەزاران ئافرەت و منداڵی كوردی ئێزیدی رفاند و وەكو دەستكەوتی جەنگ مامەڵەی لەگەڵ كردوون. بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش بۆ مامەڵەكردن و فرۆشتنی ئافرەتان نموونەی بەرچاوی دڕندەیی دوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام -ـە كە بە داعش ناسراون.
