منداڵانی ئێزیدی داوای تۆڵەسەندنەوە لە داعش دەكەن
May 30, 2016
کۆمەڵایەتی
گوڵان: كۆمەڵایەتی
دە ساڵی تەمەنە و بە دنیایەك ئاواتی منداڵانەوە دەژی. لەگەڵ خێزانەكەی ئاوارەی شەڕن و لە زێدی خۆیان هەڵكەندراون و لە كەمپی بەحركە گیرساونەتەوە. لەگەڵ دەستەخوشكێكی لەبەردەم كەپرۆكەی خەیمەكەدا لە سەر عەرد دانیشتبوون و وێنەیان دەكێشا. وێنەیەكیان كامێراكەی گۆڤاری گوڵان-ی زووم كرد. لە بەر ئەوەی پیاوێكی ریشنی چەقۆ بەدەست لە پشتەسەری كچێكی پرچ درێژەوە وەستابوو. خۆی بە «روقەیە سەعدون» ناساند. كاتێك پرسیاری هۆكاری كێشانی ئەو وێنەیەمان كرد، بە دەنگێكی نەرمونیانەوە گوتی: «ئێمەی منداڵانی كچ حەز بە لەچك ناكەین، داعشیش ئەوەی حیجاب نەكات، دەیكوژێت.» روقەیە كچێكی شەبەكە و بە نیگەرانییەكی زۆرەوە باسی ئەوەی دەكرد كە چەندین كەسی نزیكی لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە كوژراون. سامرە شێخۆ-ی هاوڕێی روقەیەش وەك خۆی باسیكرد لە خێزانێكی ئێزیدین و ئەویش نەفرەتی لە چەكدارانی دڕندەی داعش دەكرد و بە دنیایەك ئاواتەوە گوتی: «هیوادارین پێشمەرگە تۆڵەمان بكاتەوە و وەك چۆن خانووی خۆمان بە گێسك پاك دەكەینەوە، بۆ ئەوەی خاوێن ببێتەوە، ئەوها هەموو داعشە پیسەكانیش لە كوردستان دەربكەن و تۆڵەی ئێمەیان لێ بكەنەوە.» گوتیشی: «داوا لە سەرۆك بارزانی دەكەم هەموو دیلەكانمان لە دەستی داعشەكان رزگار بكات.»
رەشۆ ئەمین كوڕێكی تەمەن 16 ساڵی ئێزیدییە و لە دووكانێكی گەورەی فرۆشتنی خواردنەوەدا كاردەكات. ئەو كاتێك باسی خوشكە رفێندراوەكەی دەكات، فرمێسكی خوێنین بە چاوەكانیدا گلار دەبێتەوە. لە كاتی گێڕانەوەی بەسەرهاتەكەیدا دوای ئەوەی باسی چۆنیەتی ئاوارەبوون و ژیانی رۆژانەی ئێستای خۆی و خێزانەكەی كرد، لە ناو پڕمەی گریاندا گوتی: «كاتێك داعش هێرشی كرد، خوشكەكەم لە ماڵی مامم بوو، نەمانتوانی رزگاری بكەین، چونكە چەكدارانی داعش مامم و سێ كوڕەئامۆزامیان كوشت و ئامۆژن و دوو كچی ئامۆزام و خوشكەكەی منیشیان بە دیلی برد، لەو كاتەوە هەموو دنیا لە بەر چاوم تاریكە، ئەگەر كاسبكارمان بووایە بۆ ئەوەی دایك و خوشك و برابچووكەكانم بەخێو بكات، خۆم دەچووم دەبووم بە پێشمەرگە و تۆڵەی ئەو هەموو تاوانەم لە داعش دەكردەوە. ئەوانە مرۆڤ نین، مرۆڤخۆر و ئاژەڵی دڕندەن.»
ئێزیدییەكان خاوەنی ئایینی تایبەتن و زۆربەیان لە باشووری كوردستانن لە دەڤەری شێخانی نێوان مووسڵ، پارێزگای دهۆك و دەڤەری شنگال دەژین. هەروەها لە بۆتان و دەربێسیە و باكووری پارێزگای ئەلحەسكە و دەڤەری عەفرین لە حەلەب و ئەلەگەزی ئەرمەنستان و پارێزگای قەرس و ئەردێخانی باكووری ڕۆژهەڵاتی توركیادا دەژین. ئەوان كوردی رەسەنن و ئازاریان بۆ هیچ نەتەوە و ئایینێكی دیكە نەبووە، بەپێچەوانە دەیان سەدەیە هێرشیان كراوەتەسەر و رەشەكوژ كراون و دواكارەساتیشیان كۆمەڵكۆژیی ئێزیدییەكانی شنگال بوو لە سەر دەستی دڕندەكانی داعش كە زۆربەی پیاوانیان قەتڵوعام كرد و ئافرەت و منداڵەكانیشیان رفاند و پاكیزەكانیان ئێزیدییان كردە سەبایا و وەك كۆیلەی سێكسی كڕین و فرۆشتنیان حەلاڵ كرا. ئەو غەدر و تاوانە نەگریسە وایكردووە تەنانەت منداڵانی ئێزیدی دڵیان بە رۆژی جیهانی منداڵان خۆش نەبێت و تەنیا ئەوەی بیری لێدەكەنەوە ئەوەیە كە كەسوكاری بە دیل گیراویان رزگار بكرێن و داعشەكان لە سەر خاك و ماڵیان رابماڵدرێن.
