پرۆسەی هاوسەرگیری لەقۆناغی زانكۆ و پەیمانگادا دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی كێشە كۆمەڵایەتیەكان

پرۆسەی هاوسەرگیری لەقۆناغی زانكۆ و پەیمانگادا دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی كێشە كۆمەڵایەتیەكان
زیادبوونی پرۆسەی هاوسەرگیری لەزانكۆكاندا یەكێكە لەدیاردە بەرچاوەكانی نێو كۆمەڵگە و ڕۆژ بەڕۆژیش پرۆسەی هاوسەرگیری لەنێو زانكۆ و پەیمانگاكاندا لەزیاد بووندایە، توێژەرێكی كۆمەڵایەتی ئاماژە بەوەدەكات كە ئەم پرۆسەیە چارەسەری قەیرەیی ئافرەتان و كۆچی لاوان بۆ دەرەوەی وڵات دەكات، هەروەها ئابووریناسانیش پێیانوایە باشبوونی باری ئابووری كۆمەڵگە هۆكارێكە بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی هاوسەرگیری لەناو زانكۆ و پەیمانگاكاندا.
دەستنیشانكردنی ژیانی هاوسەری لەقۆناغی زانكۆ باشترین قۆناغە
زۆر لەكچان ئاماژە بەوەدەكەن دەتوانن لەو ماوەیەی خوێندنیاندا لەزانكۆ لەهاوپۆلەكەیان تێبگەن، كەشوهەوای زانكۆ گونجاوترین شوێنە بۆ لێك تێگەیشتن، لەمباریەوە ژیلا ئەنوەر قوتابی قۆناغی دووەمی كۆلێژی ئاداب بەشی كۆمەڵناسی كە ماوەی شەش مانگە لەگەڵ كوڕێكی هاوپۆلی خۆیدا چۆتە نێو پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە، ئاماژەی بەوەدا كە هەرگیز هەست بە پەشیمانی ناكات و لەگەڵ هاوسەرەكەیدا زۆر گونجاوەو دەڵێت:((لەوەتی چومەتە نێو ئەم پرۆسەیەوە زۆر هەست بەئارامی دەكەم، چونكە بڕیارێكی چارەنووسسازمداوە، ئەو كەسەی دەمویست ژیانی هاوسەریم لەگەڵێدا پێكهێنا)).
شنۆ حەسەن قوتابی لەكۆلێژی ئەندازیاری زانكۆی سەڵاحەدین ماوەی ساڵێك زیاترە لەگەڵ كوڕێكی هەمان كۆلێژدا چۆتە نێو ژیانی‌ هاوسەرییەوە، جەختی‌ لەوە كردەوە كە لەگەڵ‌ هاوسەرەكەیدا زۆر بەیەكەوە گونجاون و هیچ كێشەكیان نییە، شنۆ ئاشكرایكرد كە نەبوونی كێشە بۆئەوە دەگەڕێتەوە كە پێكەوەنانی‌ ژیانی‌ هاوسەریی‌ لەناو خودی‌ زانكۆدا لەهەموو شوێنێك باشترە، و دەڵێت: ((من وەك قوتابیەكی زانكۆ ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە بەشێوەیەكی دروست هەڵدەسەنگێنم، چونكە بەجێگەیاندنی هاوسەری سوننەتی ژیانە و لەهەمان كاتدا هاوسەرگیری ناو زانكۆ زیاتر پشت بەخۆبەستن و متمانە بەخۆبوون لەلایەن هەردوو ڕەگەز دروست دەكات.
زۆربەی قوتابیە كچەكان پێیانوایە زانكۆ باشترین فرسەتە بۆ هاوسەرگیری، چونكە دوای تەواوكردنی زانكۆ شووكردن یان ژنهێنان قورس دەبێت، چونكە ناسینی كەسی شیاو و باش زەحمەت دەبێت، بەڵام لەزانكۆ یەكتر ناسین ئاسانە، قۆناغی قوتابێتی باشترین قۆناغی تەمەنە بۆ دەستنیشانكردنی كەسی شیاو، لەمبارەیەوە سازان كەمال پێیوایە ژیانی زانكۆ جگە لەدابینكردنی ژیانی ماددی بۆ ئاییندە، شوێنێكی شیاویشە بۆ دۆزینەوەی هاوسەر بەشێوەیەكی دروست و دەڵێت: (زانكۆ باشترین شوێنە بۆ دروستكردنی خێزان ئەگەر بە عەقڵ بڕیار بدەیت).
مەرج نییە دوای خوێندن ژیانی هاوسەری پێك بهێنیت
ئومێد كاكل كە ماوەی پێنج مانگە هاوسەرگیری ئەنجامداوە، پێیوایە دامەزراندن و تەواوكردنی خوێندن بیانوو نین بۆ دواخستنی هاوسەرگیری و دەڵێت: ((مەرج نییە دوای ئەوەی خوێندن تەواو بكەیت ئینجا هاوسەرگیری بكەیت، بەڵكو گرنگ ئەوەیە كەسایەتییەكی هاوشێوەی خۆت بدۆزیتەوە و كەبتوانێت لەگەڵیدا بژیت، زانكۆش باشترین شوێنە بۆ دۆزینەوەی كەسی وەك خۆت)). ئومێد ئاماژەی بەوەشدا، هاوسەرگیرییەكەی‌ بەهۆی‌ ئامۆژگاری‌ هاوڕێكانییەوە بووە، لەبەرئەوەی‌ ئەو كۆمەڵە هاوڕێیەی‌ كە زانكۆیان تەواو كردووە، بەردەوام پێیان وتووە ژیانی هاوسەری پێك بهێنێت.
بیمەی بێكاری و قەرزی بچووك كاریگەری زۆری هەیە لەسەر زیادبوونی پرۆسەی هاوسەرگیری
باشتربوونی باری ئابووری هۆكارێكە بۆئەوەی كە قوتابیانی زانكۆ بتوانن هاوسەرگیری ئەنجامبدەن، چونكە لەكاتی ئێستا بە بەراورد بەساڵانی ڕابردوودا باری دارایی خەڵك باشبووەو داهاتی تاكیش بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە كە ئەمەش هۆكارێكی سەرەكیە بۆ زیادبوونی ڕێژەی هاوسەرگیری لەناو زانكۆ و پەیمانگاكاندا، لەمبارەیەوە كامەران عەزیز پسپۆری ئابووری ئاماژەی بەزیادكردنی پێشینەی هاوسەرگیریدا كە كاریگەرییەكی زۆری هەبووە لەسەر بەرزبوونەوەی ڕێژەی هاوسەرگیری و دەڵێت:(بێگومان زیادبوونی داهاتی تاكەكەس كاریگەری هەیە بۆئەوەی تاكەكان بتوانن لەكاتێكی گونجاودا هاوسەرگیری ئەنجامبدەن، بەتایبەتی ئێستا تاڕاددەیەك پێشینەی هاوسەرگیری زیادكراوەو سەرجەم هاووڵاتیانیش دەگرێتەوە كەئەمەش كاریگەری زۆری لەزیادبوونی ڕێژەی هاوسەرگیری كردووە)، هەروەها كامەران باس لەوەدەكات ئەگەر بێت و گەنج زوو هاوسەرگیری بكات زووتر دەتوانێت هەنگاوی خێرابنێت و بۆ بەڕێوەچوونی ژیانی كاری جددی بكات، بیمەی بێكاری و قەرزی بچووك هەموویان كاریگەرییان دەبێت لەسەر زیادبوونی ڕێژەی هاوسەرگیری لەبەر ئەوەی گەنجەكان زیاتر هەست بەئارامی دەكەن دوای دەرچوونیان لەزانكۆ.
دەوترێت هاوسەرگیری سوننەتی ژیانە، لەسەرجەم كۆمەڵگەكانی جیهاندا ئەم پرۆسەیە بەشێوازی جیاواز بەڕێوەدەچێت بۆئەوەی خێزانێكی سەربەخۆ بەرهەمبێت، لەلایەكی دیكە بۆ تێركردنی حەز و ئارەزووی ڕۆحەو لەهەمان كاتیشدا وەكو هاوبەشێكی ژیانە كەجۆرێك لەهاوڕێیەتی و وابەستەیی لای هەردوو ڕەگەزی نێر و می دروست دەبێت، مامۆستا عەزیز عبدولحەمید زانای ئایینی و ئیمامی مزگەوتی حاجی سەعید لەگەڕەكی نەورۆز ئاماژە بەوە دەكات كە ئەگەر كەسێكی گەنج توانای ماددیی یان مەعنەویی هەبوو، با ژیانی هاوسەری پێكبێنێت، دەڵێت: (هاوسەرگیری لەڕووی ئاینییەوە سوننەتێكە دەبێت لەتەمەنێكی گەنجێتیدا بكرێت، هەر قوتابیەك لەقۆناغەكانی زانكۆ یا پەیمانگادا و توانای ئەوەی هەبوو خێزانداری بكات، ئەوا باشترە ئەنجامی بدات، لەئایینی پیرۆزی ئیسلامیشدا هاوسەرگیریی زوو باشترین شێوەكانی هاوسەرگیرییە، كە گەنجەكان هەوڵ بدەن زوو پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجام بدەن، تاكو كۆمەڵ و كۆمەڵگە تووشی خراپەكاری نەبێت).
هەروەها مامۆستا عەزیز وەكو باسی دەكات، كۆمەڵێك گەنج ئێستا لەكۆمەڵگەی ئێمەدا هەن باری ئابووریشیان زۆرباشە، بەڵام هاوسەرگیری ناكەن قۆناغی زانكۆشیان تەواو كردووە، وتی: ((لەبەر ئەوەی ئەو گەنجانە هاوسەرگیرییان لەكاتی خۆی ئەنجام نەداوە بەرەو لاڕێ دەڕۆن، كە ئەمە كارێكی خراپە، زۆربەی ئەم گەنجانە بەهۆی پێوەندی سێكسیەوە لەزەواج دووركەوتوونەتەوە، بۆیە پرۆسەی هاوسەرگیری باشترین چارەسەرە بۆ سەرجەم كێشە و گرفتە كۆمەڵایەتی و دەروونییەكان.
هەر كۆمەڵگەیەك ڕێژەی هاوسەرگیری تیادا بەرزبێتەوە ئەوكۆمەڵگەیە بەرەو پێش دەچێت
هاوسەرگیری ناو زانكۆ چارەسەری زۆر گرفتە، لەوانە قەیرەیی و كەمكردنەوەی كۆچی لاوان بەرەو هەندەران، سەبارەت بە لایەنە ئیجابیەكانی ئەم پرۆسەیە توێژەری كۆمەڵایەتی شەوین عەلی پێیوایە كە پرۆسەی هاوسەرگیری خۆی لەخۆیدا پرۆسەیەكی پیرۆزە و دیاردەیەكی كۆمەڵایەتیە، تاكە ڕێگەیە بۆ دروستكردنی خێزان هەر دەبێت دروست ببێت، و دەڵێت: ((هاوسەرگیری ئەو پێوەندیەیە كە ژن و پیاو كۆدەكاتەوە، ئەگەر پرۆسەكە لەسەر بناغەیەكی لێك تێگەیشتن و هەست كردن بەئەرك و ماف بەرامبەر بەیەكتری دروست بوو، ئەوا پێوەندییەكی سروشتی بێ كێشەوگرفت دەبێت، بێگومان هاوسەرگیری نێو زانكۆ حاڵەتێكی زۆر ئیجابیە، چونكە بەهۆی هاوسەرگیرییەوە دەتوانیت خۆت لەگرفتی كۆمەڵایەتی دەرباز بكەیت، بێجگەلەوەی مانای دروستبوونی خێزانێكی نوێیە، هەركۆمەڵگەیەك ڕێژەی هاوسەرگیری تیادا بەرزبێتەو،ە بەرەوپێش دەچێت)). شەوین ئاماژە بەوەدەكات كە ئێستا خۆشگوزەرانی ژیان زۆر بووە، قوتابی لەچەندین ڕێگەی جیاوازەوە بەردەوام هەوڵی تێركردنی ئارەزووە سێكسیەكانی دەدات و دەڵێت: ((پەنابردنی قوتابیانی زانكۆ بۆ پرۆسەی هاوسەرگیری كارێكی باشە و كۆمەڵگەیەكی جێگیر دروست دەكات، ئەمە بێجگەلەوەی كەدڵنیایی دەروونی بەهزری تاكەكان دەبەخشێت، ئەوكاتە هەر زوو هەوڵی خۆدروستكردن و پێكەوەنانی ماڵ دەدات)).
Top