بۆچی خانمانی كــوردستان كەمتر لەكاری بازرگانی دەركەوتوون؟
April 25, 2012
کۆمەڵایەتی
ئومێد ئاماژە بەوەش دەكات كە حكومەت زۆربەی ئافرەتان لەداموودەزگا حكومەیەكاندا دادەمەزرێنێت و ئیتر ئەوانیش بەو موچەیەی كە هەیانە ڕازی دەبن و هەوڵی كاركردن نادەن، واتا دامەزراندی بێ بەرنامە لەدامودەزگا حكومیەكاندا كارێكی وەهای كردووە كە ئافرتان هەرگیز بیر لەبرەودان بەتواناكانیان نەكەنەوە، لەبەر ئەوەی لەوڵاتێكی وەك توركیا دامەزراندنی كەرتی گشتی نییە ئافرەت ناچارە ڕوو لەكەرتی تایبەتی بكات. سروە عەزیز توێژەری كۆمەڵایەتی پێیوایە نەریتی پیاوسالاری باڵی بەسەر بازاڕەكاندا كێشاوە و دەڵێت «بۆنموونە ئافرەتی سەرمایەداری كورد هەر نییە و ئەگەر بشبێت دەگمەنە، بەڵام ئافرەتی سەرمایەداری تورك و عەرەب زۆر زۆرە، ئەگەر بیر لەوە بكەینەوە بۆچی ئافرەتی سەرمایەدار دروستنەبووە لەكاتێكدا داهاتی تاكەكەس لەهەرێمی كوردستان بەرزترە لەداهاتی تاكە كەس لەوڵاتانی دەوروبەردا، دەگەڕێینە بۆ چەند هۆكارێك كە دیارترینیان ڕێگرییە كۆمەڵایەیتەكانە كە وا لەئافرەت دەكات هەرگیز بیر لەكار و كاسبی كردن نەكاتەوە، خاڵێكی تر ئەوەیە زۆر ئافرەت كەدەچنە بواری بازرگانی و سەرمایەدارییەوە زۆر زوو تووشی داڕمان دەبن، لەبەر ئەوەی ئەو كەسانەی كارەكانیان بۆجێبەجێدەكەن زیاتر پیاون، ئەو پیاونەش لەزۆرجاردا فێڵ لەو ئافرەتانە دەكەن. ئەمەش زوڵمێكی گەورەیە، هەروەها كاریگەری مامەڵەی نادروستی سەرجەم كۆمەڵگە بەهەردوو ڕەگەزی پیاو ئافرەتانیشەوە لەگەڵ ئەو ئافرەتانەی كە كار لەكەرتی تایبەت و بواری سەرمایەداری دا دەكەن بەوەی قسەو قسەڵۆكی زۆر بەدوا دەكرێت.
شیرین یەحیا خەلیل خاوەنی گروپی كۆمپانیاكانی ڤەرسان لەساڵی 2003 دەستی بەكاری بازرگانی كردووە و دەڵێت «سەرەتا ڕووبەڕووی زۆر گرفت و كێشەی جیاواز بوومەوە، بەڵام حەزم لەم كارەبوو توانیم تاڕاددەیەك سەركەوتن بەدەست بێنم بەهاوكاری خێزانەكەم. «شیرین» كەمی ژمارەی ئافرەتی سەرمایەدار هۆكارەكەی دەگەڕێنێتەوە بۆ ڕێگری كۆمەڵگە لەدروستبوونی ئافرەتی سەرمایەدار لەبەر ئەوەی كۆمەڵگە دەیەوێت هەمیشە ئافرەت پاشكۆی پیاوان بێت و ناهێڵێت ئافرەت سەركەوتووبێت، بەجۆرێك ڕێگرییەكانی كۆمەڵگە زۆرن، بەڵام ئێمە دەتوانین بەرەنگاری ئەو ڕێگرییە ببینەوە، ئەگەر سەیربكەین زۆر ئافرەت هەیە پارەیەكی زۆر لەمیراتی بۆماوەتەوە، بەڵام ناتوانێت خۆی سوودی لێببینێت و دەچێت پارەكەی دەداتە پیاوێك كارەكەی بۆبكات و یان ئافرەت هەیە زۆر بەتوانایە لەبەر قسەو توانجی خەڵك كارناكات. بەقسەی ئەو خانمە سەرمایەدارە كە زۆر شت هەیە دەتوانین سوودی لیببینین بۆ ئەوەی بتوانین ئافرەت بخەینە نێو بازرگانیەوە، هانی ئافرەت بدەین بۆئەوەی بتوانێت بەئازادی ڕای خۆی دەرببڕێت ئەمە زۆر گرنگە، چونكە ڕۆشنبیری ئافرەت لەدەربڕینی تواناكان و بەهرەكانیدایە، واتا ئافرەت هەیە زۆر ئازادە، بەڵام ناتوانێت كارەكانی خۆی بكات، ئێمە ژمارەیەكی زۆر لەڕێكخراوی حكومی و حزبی و مەدەنیمان هەیە هەموویان لەبوارە جیاجیاكاندا كار دەكەن، بەڵام تەنیا ئافرەت لەبواری بازرگانیدا زۆر كەمە، لەبەر ئەوەش كە تائێستا سەنتەرێكی تایبەت بەئافرەتان نییە كە هانی ئافرەتان بدات بۆ بواری بازرگانی، بۆیە پێویستە سەنتەرێك هەبێت بۆئەوەی ئافرەتان بۆ بواری بازرگانی ئامادەبكات. هەروەها حكومەت هاوكاری ئافرەتان بكات بۆئەوەی كە هەندێك بیرۆكراتیەتی نێو دەزگاكان كەمبەكەنەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە لەرێگەی ئەو سەنتەرەوە خولی شیاندن بۆكچانی تازە پێگەشتوو بكرێتەوە بۆئەوەی بتوانن بێنە ناو كاروباری بازرگانیەوە.
بەپرسی ڕێكخراوی تواناسازی ئافرەتان سۆزان عارف لەكۆمەڵێك هۆكار ئاماژە بەوەدەدا، لەكوردستاندا ژمارەیەكی زۆر لەپڕۆژەی سەرمایەداری پیاوان هەن، بەڵام بەپێچەوانەوە ڕێژەیەكی زۆر كەم لەئافرەتان دەبنین لەبوارەكانی كەرتی تایەبەت و بواری سەرمایەداریدا، بێگومان ئەمەش چەند هۆكارێكی هەیە لەوانە ئافرەت پێویستە لەلایەن خێزانەوە هانبدرێت و بچێتە بواری كاركردنەوە، بەڵام لەخێزانەكاندا بەپێچەوانەوە ئەگەر ئافرەتێك خاوەنی سەرمایەكی باشیش بێت هەمیشە وەهای لێدەكەن كە ئەو ناتوانێت بچێت ئەو كارەبكات و دەیگەیەننە قەناعەتێك بەوەی ئەو ئەگەر بەو پارەیە كاسبی بكات تووشی زەرەر و زیانێكی زۆری ماددی دەبێت، هەروەها نەریتێك هەیە ڕێگە بەكچ نادریێت بچێتە ناو كەرتی تایبەتەوە كاربكات، چونكە كاتی دەوامی كەرتی تایبەت زۆرە، بەڵكو هەمیشە هانی كچان دەدرێت ڕوو لە پیشەی مامۆستایی بكات، چونكە دەوامی مامۆستا كەمترە لەكاتی دەوامەكانی تر، واتا كۆمەڵگە سنووری بۆ ئافرەت داناوە بۆجێبەجێكردنی كارەكان واتا هەمیشە كۆمەڵێك پرەنسیپ دانراوە كە ڕێگە بەئافرەت نەدراوە. لەسیستەمی خوێندندا هەرگیز سیستەمێك دانەنراوە كەوا لەتاك بكات بتوانێت سوود لەتواناو بەهرەكانی وەربگرێت، بەپێچەوانەوە سیستەمی خوێندن لەلای ئێمە سیستەمێكی مەركەزیییەو هیچ كەسێك ناتوانێت برەو بەتواناكانی بدات و هیچ جۆە بیرۆكەیەك بەرهەم نایەت، لەبەر ئەوە مێشكی مرۆڤەكان دەبەستینەوە، پاشان دەبینین كەرتی تایەبەت لەلایەن پیاوانەوە ئیحتیكار كراوە ئەوشمان لەیادنەچێت هەتا ئافرەت لەبواری كەرتی تایبەتدا نەبێت، ناتوانین بڵێین كۆمەڵگەیەكی مۆدێرنمان بەرهەمێهێناوە.
