شارەزا لەدیزاینەر و ستایلی جلوبەرگ و سەرۆكی بەشـی هونەری و كەلتووری ڕێكخراوی گوڵان لەبەریتانیا: (پۆشاك و من و كچەكانم) دیزاین و ستـــایلی مۆدێرن بەجلوبەرگی كوردی دەبەخشین
April 11, 2012
کۆمەڵایەتی
سەرەتا ئەم دیزاینەرەی جلوبەرگ باسی لەجوانی و قەشەنگی جلوبەرگی كوردی كرد بەوەی ئەم جلوبەرگە كۆمەڵێك خەسڵەتی تێدایە كە كارەكەی بۆ ئەو وەكو دیزاینەر ئاسانتر كردووە، چ لەڕووی دەوڵەمەندییەوە بێت كە كوردستان زۆر دەوڵەمەندە بەستایلی جلوبەرگی ئافرەتان یا لەڕووی ڕەنگەوە بێت یا لەڕووی بوونی كۆمەڵێك شێوازەوە بێت، كە جلوبەرگی ئافرەتانی كوردستانی باشوور و باكوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا پێی ناسراون، لەمبارەیەوە دڵكەش موراد وتی: سەرەتای خولیاو ئارەزووم بۆ دیزاین و ستایلی جلوبەرگی ئافرەتانی كوردی بۆ ئەو كاتە دەگەڕێتەوە كە پێش ساڵانی نەوەدەكان لەوڵاتی ئەڵمانیا بووم، كاتێك جلوبەرگی كوردیم لەبەر دەكرد خەڵكی ئەو وڵاتە وایاندەزانی شاژنی وڵاتانی عەرەبیم، بەمەش زۆر ناڕەحەت دەبووم كە لەئەوروپا خەڵكی زۆر شارەزاییان لەكلتوور و جلوبەرگی كوردی نەبوو، كاتێكیش لەساڵی 1991 گەڕامەوە بۆ كوردستان بەهۆی كرانەوەی كۆمەڵگەی كوردی و هاتنی ڕۆشنبیری و شێوازی جلوبەرگی ڕۆژئاوایی بەشێوەیەكی زۆر فراوان كە بووە هۆی كەمبوونەوەی خولیای لەبەركردنی جلوبەرگی كوردی بەتایبەت لەلای ئافرەتان، زۆرجار كە لەكچەكانم دەپرسی:(بۆچی جلوبەرگی كوردی بە بەردەوام یا بۆ هەموو بۆنەیەك لەبەرناكەن؟ لەوەڵامدا پێیان دەوتم زۆر پانوپۆڕەو كولەكەو شتی زۆر پێوەیەو بەكەڵكی هەموو شوێن و كاتێك نایەت..) ئالێرەوە بیرۆكەی پاراستنی ئەم جلوبەرگەم بۆ هات، من هەرگیز ناڵێم چاككردن و ڕێكخستنەوەو جوانكردنی جلوبەرگی كوردی دەبێتە هۆی شێواندنی، بەڵكو بەپێچەوانەوە دەبێتە هۆی پاراستنی و دووبارە هاتنەوەی هەروەكو چۆن لەیادو بۆنەكاندا مۆدێلێكی نوێی جلوبەرگ دێت خەڵكی زیاتر گرنگی پێ دەدەن. كاتێك بۆ یەكەمجار لەبەریتانیا جلوبەرگی ئافرەتی كوردیم نمایشكرد بووە جێگای پێشوازییەكی زۆر، هەربۆیە دواتر توانیم لە(ڤی ئەی ئێن)ی لەندەن نمایشێكی سەركەوتوو ڕێكبخەم ئەو شوێنەی پێش من دیزاینەری جیهانی جلوبەرگ جۆرجی ئەڵمانی نمایشی تێدا كردبوو، بەمشێوەیە توانیم لەزۆربەی شارەكانی بەریتانیاو دواتر نەرویج ئەم نمایشە بكەم كە دوا نمایشم لەدوبەی بوو.
نمایشی جلوبەرگ بووەتە هونەرێكی زۆر پێشكەوتووی جیهانی
سەبارەت بەو پێشكەوتنەی نمایشی جلوبەرگ لەجیهاندا پێی گەیشتووە دڵكەش موراد وتی: نمایشی جلوبەرگ بووەتە ئارت واتە ڕووی لەهونەرێكی زۆر پێشكەوتوو كردووەو بووەتە شانۆگەرییەكی زۆر گەورەو تێكەڵ بەسەماو مكیاژ و پیشەسازی جلوبەرگ و جوانكاری و دەیان شتی تر بووە، بۆ نموونە ڤاڵایتینۆ كە جاران دیزاینەرەكان و ڤاشنسۆكانی ئەوانەی نمایشیان دەكرد ئاسایی بوون، ئێستا ڤاشنسۆكان پێویستە شارەزاییەكی تەواویان هەبێت لەپێناو سەركەوتنی نمایشەكە، هەروەكو چۆن لەئیتاڵیاو فەرەنساو نیویۆرك و ژاپۆن بەرچاو دەكەون، لەناوچەكەشدا لەلوبنان و توركیاو دوبەی دیزاینەری سەركەوتوو ڤاشنسۆی لێهاتوو دەركەوتووە، بۆ نموونە لەتوركیا جەلیانمان هەیە كە یەكێكە لەهەرە دیزاینەرە ناسراوەكان.
ستایلی جۆراوجۆر نیشانەی دەوڵەمەندی جلوبەرگی كوردییە
جلوبەرگی كوردی ئافرەتان دەوڵەمەندیەكی زۆری تێدایە لەڕووی ستایلەوە، لەمبارەیەوە ئەم خاتوو دیزاینەرە وتی: دەوڵەمەندی جلوبەرگی كوردی ئافرەتان لەڕووی ستایلەوە كارەكەی بۆ من زۆر ئاسان كردووە، ئەم دەوڵەمەندییە هەرگیز جیاوازی نییە، چونكە سەرجەم نەتەوەكانی دنیا ئەم خەسڵەتەیان هەیە، بەڵام وەكو كوردستان دەوڵەمەند نییە، بۆ نموونە جلوبەرگی ئەڵمانی سەرەوە لەگەڵ خوارەوەی ئەڵمانیا زۆر جیاوازە، هیندییەكانیش كۆمەڵێك ستایل و شێوەی جیاوازیان هەیە، ئەمە خەسڵەتێكی باشی دەوڵەمەندی جلوبەرگی كوردییە لەلای ئافرەتان، هەربۆیە لەو نمایشەی كە لەساڵی 2004 كردمان 2 كاتژمێری خایاندوو كاتێك تەواو بوو میوانەكان سەریانسوڕمابوو هەندێكیان پێیان وتم تا ئێستا هیچ نەتەوەیەكمان نەبینیوە لەجلوبەرگدا وا دەوڵەمەند بێت. لەدوبەیش بەهەمانشێوە دەنگۆیەكی گەورەی نایەوە، ئەمە دیپلۆماسیەكی ناسكە و تێكەڵ بەخەڵك و نەتەوەكانی تر دەبین.
كچە بیانیەكان نمایشی جلوبەرگی كوردەواریمان بۆ دەكەن
لەكۆتاییدا خاتوو دڵكەش موراد شارەزا لەبواری دیزاین و ستایل وتی: لە2007 نمایشم لەهەولێر و سلێمانی كرد زۆر جار ڕەخنەمان لێگیرا و ئاستەنگ و بەربەستمان هاتە بەردەم، بەڵام زۆر كەسیش پشتگیری لێكردم لەوانە كاك فەلەكەدین كاكەیی كە جێی سوپاس و پێزانینمە، چونكە زۆر كەس ئەو ڕاستەیەیان دەزانی ئەمە پێشكەوتنێكی ڕۆشنبیرییە، یەكەمین پاڵپشتیم لەكابینەی پێنجەم كرا كە بووەهۆی زیاتر هاندانم و پێشكەوتنم، پێشكەوتنی ئەم كارە سێگۆشەییە(من و جلەكانم و كچەكانم)ـە كە وا دەكات شێوازی جوانتر و ڕێكوپێكتر نیشان بدەین، جێی داخیشە تا ئێستا كچەكان بۆ نمایشی جلوبەرگی كوردی دەبێت لەوڵاتانی ترەوە بهێنین، چونكە تەنیا جوانی بەس نییە بۆ نمایشی جلوبەرگ، بەڵكو شارەزاییش پێویستە لەسەر شێوازی جیهانی و سیستەمی ڕۆشتن. زۆر سەیرە لەكوردستان زۆربەی پیاوەكان باس لەوەدەكەن كە كچەكانیان و خێزانەكانیان خولیای جلوبەرگی جوان و ستایلی نوێن كەچی نەبوونی دیسان هاوس وایكردووە كادیری ئەمبوار دەرنەكەوێت، من تێناگەم خۆ بەجلوبەرگی مەلەوە نایەیتە سەر ستێیەچ بەجلوبەرگی پۆشتەی كوردەوارییەوە نمایش دەكرێت كە زۆر پۆشتەیە، تۆ سەیری ئەم كارەساتە بكە كاتێك دێیتەوە بۆ كوردستان و لەفڕۆكەخانەو هۆتێل و سۆپەرماركێتەكان هیچ پێشوازیكار و كارمەندێك نابینی بەجلوبەرگی كوردییەوە پێشوازیت لێ بكات، تەنانەت ئاشنامان لەسەر جلوبەرگی قامشلی و دیاربەكر و كرماشان و ناوچە جیاوازەكانی كوردستان نییە، كاتی ئەوەهاتووە لەهەموو كاتەكان جلوبەرگی كوردی وا لێبكەین لەبەربكرێت و ئەمەش پێویستی بەڕێكخستن هەیە تاوەكو لەلایەك لەبەركردنی ئاسان بێت و لەلایەكی ترەوە تێچوونی گران نەبێت. پێم سەیرە ئێستا ئافرەتی كورد عابای كوێتی بەنرخێكی گران دەكڕن و لەبەری دەكەن لەتەرحیل و تەعریب دەربازمان بوو عابای كوێتیان بۆ هێناوین تا ئافرەتانی وڵاتە جوان و ڕەنگاو ڕەنگەكەم لەبەری بكەن، ئەمە لەكاتێكدا جلوبەرگی كوردی زۆر پۆشاكتر و جوانترە.
