ئایا پەستی هۆكارە بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن؟

ئایا پەستی هۆكارە بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن؟
پەستی Anxiety بەشێكە لە ژیان، لەوانەیە كە لە هەر كات و شوێنێك دوچاری هەر كەسێك ببێت. ئەمە گومان هەڵناگرێت كە پەستی دەبێتە ئەگەری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەكی كاتییش بێت. لەكاتی پەستیدا، كاردانەوە لە سیستمی دەماری سیمەتاویدا Sympathetic بە شێوەی زیادبوونی لێدانەكانی دڵ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن روودەدات. پەستیی سووك، یان مامناوەند سەبارەت بە هەر مەسەلەیەكی لۆژیكی كارێكی ئاساییە و لەوانەیە بۆ تەندروستی سوودبەخش بێت، بۆنموونە: گەلێك جار دەبێتە هاندەر بۆ هەڵبژاردنی خۆراكی تەندروست و ئەنجامدانی مەشقی فیزیكی، ئەمەش هەنگاوێكی پۆزەتیڤە بۆ چالاككردنەوەی سیستمی دەماری پاراسیمپەتاوی Parasympathetic كە یارمەتیدەرە بۆ هێوربوونەوە، چونكە هاوسەنگیی نێوان ئەو دوو سیستمە بۆ تەندروستیی دڵ زۆر گرنگە. لە هەندێك كەس لەكاتی پەستیدا ئەم هاوسەنگییە تێكدەچێت، ئەمەش بە تێپەڕبوونی كات مەترسی بۆ تەندروستیی دڵ پەیدادەكات، هەروەها پەستیی درێژخایەن هۆكارە بۆ لاوازبوونی سیستمی بەرگریی لەش و گۆڕانی نێگەتیڤ لە بۆڕییەكانی خوێن و خەپلەكانی خوێندا Platelets كە ئەگەری نەخۆشیی دڵ زیاد دەكەن. پەستی و نیگەرانیی زیاد لە زۆربەی رۆژەكاندا ئەگەر كاریگەری بكاتە سەر خەو و پەیوەندیی خێزانی ئەوا لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و گرفتی دڵ، بۆیە هەرگیز نابێت ئەو پەستییە فەرامۆش بكرێت و پێویست بە سەردانی دكتۆر دەكات.
Top