مەڵتی ڤیتامینی سرووشت
مەڵتی ڤیتامینی سرووشت نازناوێكی خۆراكییە بۆ هێلكە و جگەر، چونكە بە خۆراكیی تەواو Whole food هەژمار دەكرێن و دەوڵەمەندن بە زۆربەی هەرە زۆری ماددە خۆراكییەكان لە پرۆتینی كوالێتیی بەرز، ڤیتامین و كانزا گرنگەكان، لەگەڵ ماددەی دژەئۆكسان. گەلێك سەرچاوە هێلكە و جگە بە سوپەرفوود یان خۆراكی هاوسەنگ ناوزەد دەكەن. هێلكە، دەوڵەمەندە بە پرۆتین، ڤیتامین A، D، B2، B12، لەگەڵ كانزاكانی سیلینیۆم و ئاسن، هەروەها سەرچاوەیەكی باشە بۆ ماددەی كۆلین Choline كە زۆر گرنگە بۆ تەندروستیی مێشك، لەگەڵ لیوتین و زیازانتین كە ماددەی دژەئۆكسانی بەهێزن و ڕۆڵی بەرچاویان هەیە لە پاراستنی تەندروستیی چاو. جگەر، زۆر دەوڵەمەندە بە ڤیتامین A و ڤیتامینەكانی B بەتایبەتی B9 و B12، لەگەڵ كانزای ئاسن و كۆپەر كە بە ئاسانی لە كۆئەندامی هەرس هەڵدەمژرێن و ڕۆڵی گرنگیان هەیە بۆ دابینكردنی وزە و دروستبوونی پێكهاتەكانی خوێن.
