چۆن نەخۆشیی شەكرە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ زیاد دەكات؟

چۆن نەخۆشیی شەكرە ئەگەری تووشبوون  بە نەخۆشیی دڵ زیاد دەكات؟
نەخۆشیی شەكرە Diabetes Mellitus حاڵەتێكی درێژخایەنە، بە تێپەڕبوونی كات ئەگەری ئاڵۆزیی تەندروستیی جۆراوجۆر زیاد دەكات. نەخۆشیی دڵ یەكێكە لە ئاڵۆزییە گەورەكانی نەخۆشیی شەكرە، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ لە نەخۆشانی شەكرە لە پیاودا دوو هێندە و لە ئافرەتدا سێ هێندە لە كەسانی ئاسایی زیاترە. گرفتەكە لەوەدایە كە ژمارەیەكی زۆر لە نەخۆشانی شەكرە دوچاری نەخۆشیی دڵ دەبن، بێ ئەوەی كە دركی پێبكەن، یان هەمان نیشانە كلاسیكییەكانیان هەبێت، كە لەنەخۆشیی دڵدا بەدی دەكرێن. گەلێك سەرچاوەی پزیشكیی دیكە جەخت دەكەنەوە كە مەترسیی نەخۆشیی شەكرە هاوشێوەی مەترسیی نەخۆشیی دڵ وایە. بۆ خۆپاراستن لە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ، پێویستە لەسەر كەسانی تووشبوو بە نەخۆشیی شەكرە كە بە وردی كۆنتڕۆڵی ئاستی شەكری خوێن و چەورییەكانی خوێن بكەن. هۆكارە هاندەرەكان بریتین لە: بەرزبوونەوەی ئاستی شەكر لە خوێن و لەناو بۆڕییەكانی خوێندا، لەوكاتەی كە شەكر ناوپۆشی بۆڕییەكانی خوێن تێكدەدات و خوێن پەیت دەكات، ئەمەش هاندەرە بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ و جەڵتەی مێشك، قەڵەویی دەوری سك، پەستانی بەرزی كۆنتڕۆڵ نەكراو، جگەرەكێشان، بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیڕۆڵ و گلیسریدە سیانییەكان لە خوێندا.
Top