گەنمەشامی Corn دەوڵەمەندە بە كاربۆهیدات،پرۆتین، ریشاڵ، ماددە دژەئۆكسانەكان، ڤیتامینەكانیB1، B2، B3، B5، B6، B9، یان ترشی فۆلیك، لەگەڵ كانزاكانی ئاسن، زینك، مەگنسیۆم، پۆتاسیۆم، مەنگەنیز، فۆسفۆر، كۆپەر، سیلینیۆم. گەنمەشامی رێژەیەكی بەرز لە ماددە دژەئۆكسانەكان لەخۆدەگرێت، لە جۆری كارۆتینۆیدەكان و لیوتین كە رۆڵیان لە پاراستنی دڵدا هەیە. سوودە تەندروستییەكانی گەنمەشامی بریتین لە: پاراستنی تەندروستیی كۆئەندامی هەرس لە رێگای هاندنی گەشەی بەكتریای سوودبەخش لە ریخۆڵەدا، كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی كۆڵۆن، هاوسەنگكردنی مەزاج بەهۆی رێژە بەرزەكەی ڤیتامین B6 كە یارمەتیی شانەكانی مێشك دەدات، بۆ زیاتر بەرهەمهێنانی هۆرمۆنەكانی سیرۆتۆنین Serotonin و نۆرئێپینێفرین Norepinephrine كە كاریگەریی راستەوخۆ دەكەنە سەر مەزاج، هەروەها هۆرمۆنی میلاتۆنین Melatonin كە كاتژمێری بایۆلۆژی لەش رێكدەخات و هانی خەوێكی دروست دەدات، دابەزاندنی پەستانی خوێن، پاراستنی پێست لە نەخۆشی، رێكخستنی ئاستی شەكری خوێن، خۆپاراستن لە مایەسیری، كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە گرژبوونی كۆڵۆن، خۆپاراستن لە كەمخوێنی بە هۆی رێژە بەرزەكەی كانزای ئاسن.