كەمیی زینك هۆكارە بۆ پنتی سپی سەر نینۆكەكان

كەمیی زینك هۆكارە بۆ پنتی سپی سەر نینۆكەكان
كانزای زینك، یان تۆتیا Zinc زۆر گرنگە بۆ دروستیی سستمی بەرگریی لەش. زینك بە بڕی كەم پێویستە، رۆژانە تەنیا هەشت ملگم بۆ ئافرەت و 11 ملگم بۆ پیاو. زینك یارمەتیدەرە بۆ فرمانی نزیكەی 100 ئەنزیم، لەگەڵ هاندانی دروستبوونی ترشی DNA و هاندانی گەشەی دروست لە تەمەنی منداڵیدا، هەروەها هاندانی چاكبوونەوەی برین. سوودە تەندروستییەكانی زینك بریتییە لە: رێكخستنی فرمانی سستمی بەرگریی لەش، خۆپاراستن لە سكچوون، هاندانی زوو چاكبوونەوە لە هەڵامەت، خۆپاراستن لە نەزۆكیی پیاو، هاندانی زووتر چاكبوونەوەی زیپكەی گەنجێتی، خۆپاراستن لە ئەگەری پووكانەوەی ئێسك، هاندانی چاكبوونەوە لە هەوكردنی شانەی سییەكان، باشتركردنی توناكانی مێشك لە یاد و فێربوون، كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەكانی پەیوەست بە تەمەن، كەمكردنەوەی ئەگەری گۆڕانەكانی تۆڕی چاو كە هاوكات لەگەڵ بەساڵاچووندا روودەدەن AMD و كرداری بینین بە توندی دەخەنە مەترسییەوە. سەرچاوە خۆراكییەكانی زینك بریتین لە: مەحار، گۆشت، پاقلەمەنییەكان، ماست، كوارگ، قەیسیی وشككراو، فستقی سودانی. كەمیی زینك هۆكارە بۆ پەیدابوونی پنتی سپی لەسەر نینۆكەكان، نیشانەكانی دیكەی كەمیی زینك: كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، ئەكزیما، كەمخوێنی، دواكەوتنی چاكبوونەوەی برین، گۆڕان لە هەستی بۆن و چێژ، سستبوونی گەشە، سكچوون، خەمۆكی، تەنك بوونی قژ.
Top