گرنگیی زیادبوونی لێدانەكانی دڵ بۆ دابەزاندنی كێشی لەش

گرنگیی زیادبوونی لێدانەكانی دڵ  بۆ دابەزاندنی كێشی لەش
ئەگەر بە شێوەیەكی سەرەكی پشت بە مەشقی وەرزشی دەبەستیت بۆ دابەزاندنی كێشی لەش، ئەوا پێویستە گرنگیی زۆر بە بەرزبوونەوەی ژمارەی لێدانەكانی دڵ بدەیت، چونكە گرنگی زۆری هەیە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی باش. ئەمە سەلمێنراوە كە بەرزكردنەوەی ژمارەی لێدانەكانی دڵ بە مەشقی وەرزشی هاندەرە بۆ رزگاربوون لە چەوریی زیاد، یان كێشی زیادی لەش، بە شێوەیەكی سادە، ئەگەر دەتەوێت كێشی لەشت دابەزێنیت ئەوا پێویستە كالۆری زیاتر لەوەی كە وەریدەگرێت بسووتێنیت، بەڵام دەبێ ئەم راستییە زانستییەش بزانرێت كە ئەم مەسەلەیە پەیوەستە بە باری تەندروستیی كەسی، تەمەن، ئاستی لیاقەی بەدەنی، لەگەڵ جۆر و شیوازی مەشقی وەرزشیی خوازراو. بۆیە تێبینی ئەوە دەكرێت كە هەندێك كەس سەرەڕای ئەنجامدانی مەشقی فیزیكیی وەكو راكردن، یان لێخوڕینی بایسكل بە پێی خشتەی جووڵە و سووتاندنی كالۆری دیاریكراو، هێشتا بە شێوەیەكی بەرچاو كێشیان دانابەزێت، هۆكارەكەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە لەشی كەسەكانە كالۆری خەزنكراو لە چەوری FatCalories زیاد ناسووتێنێت، بەڵكو زیاتر كالۆری خەزنكراو لە ماسوولكەكاندا MuscleCalories دەسووتێنن، كە ئەمەش هەرگیز نابێتە هۆی كەمبوونەوەی بەرچاوی رێژەی چەوری، یان كێشی لەش، لێرەدا گرنگیی چاودێریكردنی ژمارەی لێدانەكانی دڵ دێتە پێشەوە. بۆ زانینی پێوانەی دروستی لێدانەكانی دڵ بۆ دابەزاندنی كێش، یان سووتاندنی چەوری، تەمەن لە ژمارە 220 دەربكە، ئینجا رێژەی 60%-70%ی ژمارەی نوێ دەبێتە ژمارەی لێدانەكانی دڵ بۆ دابەزاندنی كێش، بۆ نموونە ئەگەر تەمەنت 30 ساڵ بێت، لە 220 دەریبكە دەبێتە 190، رێژەی 60%-70%ی 190 دەكاتە 114-133 لێدانی دڵ لە خولەكێكدا بۆ دابەزاندنی كێش.
Top