بۆچی هەوكردنی ناوپۆشی دەم بە كەڕوو زیاتر لە منداڵی ساوا و پیرەكان و تووشبووان بە نەخۆشی درێژخایەن دەبینرێت؟ هەوكردنی ناوپۆشی دەم بە كەڕووی مۆنیلیا یان كاندیدا Candida بە شێوەی قەتماخێكی سپی لەسەر ناوپۆشی دەم و لەسەر زماندا بەدی دەكرێت Oral thrush. ئەم كەڕووە لەسەر پێست و لە ریخۆڵە و لەناو دەمی هەموو كەسێكی ئاسایی و تەندروستدا هەیە، بەڵام لەبەر بەهێزی بەرگری لەش ناتوانێت كە هەوكردن دروست بكات. دەم هەرگیز بێ میكرۆب و كەڕوو نییە، بەڵام لە یەكێكی تەندروستدا بەرگری لەش هێندە بەهێزە كە رێگا لە هەموو میكرۆب و جۆرەكانی كەڕوو دەگرێت كە ببنە ئەگەری هەوكردن یان كولبوون لە دەمدا. كولبوونی دەم بە كەڕووی كاندیدا زیاتر لە منداڵ و پیرەكاندا بەدی دەكرێت لەبەر لاوازی سستمی بەرگری لەشیان، هەروەها لەو حاڵەت و نەخۆشییانەدا دەبینرێت كە دەبنە ئەگەری لاوازبوونی بەرگری لەش وەكو: نەخۆشی شەكرە، سترێس و ماندووبوون، قەڵەوی، دووگیانی، نەخۆشی ئایدز، بەكارهێنانی دەرمانە ستیرۆیدیەكان Steriods. كولبوونی دەم بە كاندیدا بە بەكارهێنانی گیراوە یان سپرای بكوژی كەڕوو بەتایبەتی نیستاتین Nystatin بۆ ماوەیەكی كورت چارەسەر دەكرێت، لەگەڵ دۆزینەوە و چارەسەركردنی هۆكارەكەی.