بۆچی منداڵەكەت حەز لە شیرینی دەكات؟

بۆچی منداڵەكەت حەز لە شیرینی دەكات؟
هەموو لێكۆڵینەوەكان جەخت لەوە دەكەنەوە كە زۆربەی هەرە زۆری منداڵان هەر لە سەرەتای بوونیانەوە حەز لە خواردنی شیرینی Sweets دەكەن. وانەبێ كە ئەم حەزە لە دایك و باوكەوە یان بە زگماك بۆیان مابێتەوە، بە مانایەكی دیكە زۆر كەس وای بۆ دەچن كە ئەگەر باوك یان دایك حەز لە خۆراكی شیرین بكەن ئەوا منداڵەكانیشیان حەز لە شیرینی دەكەن. بەگشتی زیاد خواردنی شیرینی لە هەر تەمەنێكدا زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە وا لە منداڵ دەكات كە هەست بە تێربوون بكات و دووركەوێتەوە لەو خۆراكانەی كە یەكجار پێویستن بۆ گەشە و تەندروستی بۆ نموونە ئەلبان، گۆشت، دانەوێڵە، پاقلەنییەكان، سەوزە و میوە. لەجیاتی كێك و شوكولاتە و چوكلێت و خواردنەوە گازدارەكان و شەربەتە دەستكردەكان و قەنادی رەنگاورەنگ، وا باشترە كە میوەی شیرینی وەكو خورما، ترێ، مۆز، میوەی وشككراو، هەنگوین بدرێتە منداڵ، بەڵام پێویستە كە میوە و خۆراكەكانی تریان بۆ دیكۆر بكرێت بۆ نموونە وردكردن یان بڕینی میوە بە شێوەی بازنەیی یان چوارگۆشەیی تاكو سەرنجی منداڵ رابكێشێت، هەروەها باشترە كە دایك یان باوكیش لە هەمان كاتدا لەگەڵ منداڵەكانیاندا هەمان میوە بخۆن بۆ ئەوەی كە منداڵەكان هەست بەوە نەكەن كە خۆراكیان لەگەڵ دایك و باوكیان جیاوازە. پێویستە ئەمەش لەبیر نەكرێت كە پەیوەندییەكی بەهێز هەیە لە نێوان خواردنی شیرینی و كلۆربوونی ددانەكان، بۆیە لەسەر دایك و باوك پێویستە كە منداڵەكانیان فێری ددان شووشتن بكەن بەتایبەتی لەپاش خواردنی شیرینیدا.
Top