لە ئافرەتێكی گەنجدا، نزیكەی 10%ی تاڵە مووەكانی سەر لە قۆناغی حەوانەوەدان Telogen، ئەم تاڵەمووانە چیتر گەشە ناكەن بۆیە هەڵدەوەرێن، لەبەر ئەمە هەڵوەرینی 100 تاڵە موو لە رۆژێكدا بە ئاسایی لە قەڵەم دەدرێت، هەڵوەرینی زیاتر لەم ژمارەیە كە بۆ ماوەی چەند رۆژێك یان چەند هەفتەیەك بەردەوام بێت ئەوا بە نائاسایی دادەنرێت و پێویستی بە سەردانی دكتۆر دەبێت. بە شێوەیەكی گشتی، نەخۆشییەكانی هەناو یان خۆراكی ناهاوسەنگ تا رادەیەكی كەم دەبنە ئەگەری قژهەڵوەرین. هۆكارە جینییەكان یان هۆكارە زگماكییەكان، مێژوو یان مەیلی خێزانی Family history رۆڵیان هەیە، پیاو و ئافرەت لەوانەیە كە لەپاش تەمەنی سییەكان و چلەكاندا تووشی تەنكبوونێكی فسیۆلۆژی قژ ببن. ئەو هۆكارانەی كە دەبنە ئەگەری ونكردنی قژ بە شێوەیەكی كاتی لە ئافرەتە گەنجەكاندا، واتە ئەگەری دووبارە هاتنەوەی قژ لە ئارادایە بریتین لە: سترێس Stress یان شەكەتی دەروونی و خەمۆكی توند، گۆڕانێكی نێگەتیڤی بەرچاو لە خۆراكدا لەبەر كەمیی كانزا و ڤیتامین و ماددە دەئۆكسانەكان، گۆڕان لە هۆرمۆنەكاندا لەكاتی باڵغبوون و دووگیانیدا، پاش منداڵبوون، پاش ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكی گەورە، هەر نەخۆشییەك كە ببێتە هۆب بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، نەخۆشیی توند، نەخۆشییەكانی گلاندی دەرەقی بەتایبەتی زیادبوون یان كەمبوونی دەردانی هۆرمۆنەكان، دەردە رێوی، كەمخوێنی لەبەر كەمی كانزای ئاسن، هەروەها چارەسەری كیمیایی Chemotherapy كە بۆ چارەسەركردنی شێرپەنجە بەكاردێت لەگەڵ ئەو دەرمانانەی كە بەرگری لەش دادەبەزێنن وەكو زیانی لابەلا دەبنە ئەگەری قژهەڵوەرین، پێویستە هەموو ئافرەتێك بەو راستییە پزیشكییە ئاشنا بێت كە خۆشبەختانە لە پاش 6- 12 مانگدا قژ لە شوێنی هەڵوەریندا لەخۆیەوە بە بێ بەكارهێنانی هیچ دەرمانێك دووبارە گەشە دەكاتەوە.