تەختبوونی پێ (فلات فووت)

تەختبوونی پێ (فلات فووت)
تەختبوونی پێ Flat foot بریتییە لە تەختبوونی بەشی ژێرەوە و بەشی ناوەوەی پێ كە لە باری ئاسییدا كەوانەییە و زۆرگرنگە بۆ جوولە و هاوسەنگی لەش. فلات فووت ناڕێكییەكی ئاساییە، واتە مەرج نییە كە نەخۆشییەكی لە پاڵەوەبێ. زۆرجار جۆرێكی پیشە دەبێتە ئەگەری تەختبوونی پێ، بۆ نموونە ئەو كەسانەی كە بۆماوەیەكی زۆر لەسەر قاچەكانیان دەوەستن وەكو پۆلیس، مامۆستا، پزیشكی ددان. بێگومان قوڕسایی لەش و زۆر وەستان لەسەر قاچەكان فشار دەخاتە سەر پێیەكان و ئەو شانە سستانەی كە كەوتوونەتە بەشی ناوەوەی پێیەكان، لە ئەنجامدا ئەو بەشە تەخت دەبێت، هەروەها زەبر و برینداربوونی پێیەكان و ئیفلیجی زۆرجار فلات فووت دروست دەكەن، هەندێك جاریش بە شێوەیەكی زگماكی ڕوودەدات. فلات فووت لەوانەیە رووبدات لەبەر زیاد ماندووكردنی پێیەكان و وەستانی ناڕێك بۆ ماوەیەكی زۆر، لەگەڵ هەڵبژاردنی پێڵاوی ناڕێك هاندەرن بۆ بەرەبەرە تەحتبوونی كەوانەی پێیەكان. فلات فووت وا لە شانەكانی كەوانەی پێ دەكات كە سست و خاو بن و هێزی خۆبەرزكردنەوەی لەش و ڕیشتن و راكردن كەم دەبێتەوە، هەروەها ئێسك و جومگەكانی پێ زیانان پێدەگات و ئەو كەسە زوو ماندوو دەبێت و پێیەكان ژان دەكەن لەكاتی ڕۆیشتن و راكردندا، زۆرجاریش پێستی شوێنە تەختبووەكە كول دەبێت و دوچاری هەوكردن دەبێت. بۆ یارمەتی دانی ئەو كەسانەی تووشی فلات فووت بوون، كەفشی تایبەتیان بە پێی قەبارەی پێیەكان بۆ تەرخان دەكرێت هاوكات لەگەڵ چەند مەشقێكی وەرزشی تایبەت بە مەبەستی بەهێزكردنی ماسوڵكە و شانەكانی پێ لەژێر چاودێری پسپۆڕان بەم مەسەلەیە، چونكە هەڵەیەكی بچووك لە مەشقی وەرزشیدا لەوانەیە كە لە دواڕۆژدا زیانێكی بەرچاو پەیدا بكات، زۆرجاریش نەشتەرگەری دەبێتە تاكە ڕێگا بۆ چارەسەركردنی فلات فووت.
Top