گەلێك ئافرەت پێیان وایە كە مەشقی ئاسن (مەشقی هەڵگرتنی قورسایی Weight training) كاریگەری نێگەتیڤ دەكاتە سەر جوانی لەش بەوەی كە ماسوولكەكانی لەش هاوشێوەی ماسوولكەكانی لەشی پیاو قەبە و بەرجەستە دەبن. هۆكاری بەرجەستەبوونی ماسوولكەكانی پیاو بۆ كاریگەری هۆرمۆنی نێیرنە(تێستۆستیرۆن) دەگەڕێتەوە كە رێژەكەی لەلەشی ئافرەتدا تەنیا 1/100 بەشی ئەو رێژەیەیە كە لە لەشی پیاودایە. كەواتە ئافرەت ئەگەر هۆرمۆنی ستیرۆیدی بەكارنەهێنێت، هەرگیز ماسوولكەكانی بە مەشقی ئاسن گەورە و بەرجەستە نابن كە جوانی لەش بشێوێنێت. سوودە تەندروستییەكانی مەشقی ئاسن بۆ ئافرەت بریتین لە: باشتركردنی تۆنی ماسوولكە، ئەمەش چەند شوێنێكی لە شۆڕبوون دەپارێزێت، هەروەها توندبوونی پێست، شان بە شانی خۆراكی دەوڵەمەند بە كالسیۆم یارمەتی زیادبوونی بارستایی و بینا و پتەویی ئێسك دەدات بەتایبەتی لە نزیك تەمەنی وەستانی یەكجارەكی سووڕی مانگانە، كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نۆرەی دڵ و نەخۆشی شەكرە، باشتركردنی تەندروستیی كۆئەندامی دڵ و سووڕان بەتایبەتی دابەزاندنی ئاستی كۆلیستیرۆلی خراپ LDL لە خوێندا، لەگەڵ دابەزاندنی پەستانی خوێن و هێشتنەوەی شەكری خوێن لە ئاستێكی نزمدا، هەروەها زیادكردنی توانای سییەكان و پاراستنیان لە نەخۆشی، زیادكردنی توانای بەرگەگرتن لە رێگەی بیناكردنی بارستایی ماسوولكە كە رۆڵی هەیە بۆ سووتاندنی وزە تا ماوەیەك پاش تەواوبوونی مەشقی وەرزشی، بەرزبوونەوەی ئاستی میتابۆلیزمی لەش، كەمكردنەوەی ئەگەری كەوتن و باشتركردنی مرونە Flexibility و پاراستنی ماسوولكە لە سخبوون، ئەمەش رۆڵی دەبێت بۆ خۆپاراستن لە پشت ئێشە و ئازار و هەوكردنی جومگەكان، سوودی دەروونی بە شێوەی زیادبوونی باوەڕ بەخۆبوون و قەناعەتی كەسی.