ئایا گەرمای هاوین دەبێتە هۆی لووتپژان؟
گەرمای توند و هەوای وشكی هاوین ورووژێنەرن بۆ لووتپژانی كتوپڕ Nosebleeds تەنانەت لە كەسانی تەندروستیشدا. گەرمای بەتین و وشكیی هەوای هاوین هۆكارن بۆ فراوانبوون و قڵیشانی موولوولە ناسك و وردەكانی خوێن لە بەشی پێشەوەی ناوپۆشی لووتدا، بەتایبەتی لەكاتی پژمینی توند، یان فشاردانی لووت. هۆكارە وروژێنەرەكانی دیكەی لووتپژان لە هاویندا: وشكبوونی ناوپۆشی لووت، زیاد بەكارهێنانی ساردكەرەوەی ناوماڵ كە هۆكارە بۆ كەمبوونەوەی ڕێژەی شێداریی ژوور، هەروەها هەستەوەریی لووت. حاڵەتەكە بەگشتی مەترسیی نییە و دەتوانرێت بە خێرایی كۆنتڕۆڵ بكرێت بە ڕێگەی ڕاستكردنەوەی سەر و كەمێك خۆچەماندنەوە بۆ پێشەوە، فشاردانی لووت لە بەشی خوارەوەی ئێسكی لووتدا بۆ ماوەی 5-15 خولەك، هەروەها دەتوانرێت كە كەمادەی سارد Ice pack بەكار بهێنرێت. ئەگەر لووتپژان پاش 20 خولەك نەوەستا یان هاوكات بوو لەگەڵ قووتدانی بڕێكی زۆری خوێن، هەناسەتەنگی یان سەرسووڕان، ئەوا پێویست بە سەردانی دكتۆر دەكات.
