وەستانی لەناكاو یان كتوپڕی دڵ Sudden cardiac arrest، واتە وەستانی دڵ لە لێدان (گرژ و خاوبوونەوە)، وەستانی لێشاوی خوێن بۆ مێشك و ئەندامەكانی تری لەش، لەگەڵ وەستانی هەناسە پاش چەند چركەیەك لە وەستانی دڵ كە لە زۆربەی حاڵەتەكاندا بە مردن كۆتایی دێت. هۆكاری سەرەكی وەستانی دڵ بە شێوەیەكی كتوپڕ دەگەڕێتەوە بۆ تێكچوونی ریتمی لێدانەكانی دڵ Arrhythmia كە چالاكی كارەبایی دڵ تێكدەچێت، سەرەنجام دڵ ناتوانێت كە بە ڕێكی خوێن بۆ هەموو بەشەكانی لەش پاڵ بنێت. ئەو هۆكارانەی كە ئەگەری وەستانی لەناكاوی دڵ زیاد دەكەن بریتین لە: رەگەزی نێر، نەخۆشی خوێنبەرەكانی دڵ كە باوترین هۆكارە لەپاش تەمەنی 35 ساڵیدا، نەخۆشی لە ماسوولكەی دڵدا Cardiomyopathy بە شێوەی ئاوسان و لاوازبوونی ماسوولكەی دڵ، سەقەتییەكانی زگماكی دڵ هەتا ئەگەر بە نەشتەرگەری چارەسەركرابن، تەمەنی 45 ساڵ و بەسەرەوە بۆ پیاو و 55 ساڵ و بەسەرەوە بۆ ئافرەت، مێژووی نۆرەیەكی دڵ لە رابردوودا، بوونی مەیلی خێزانی بۆ نەخۆشی دڵ، یان وەستانی دڵ، یان مردنی كتوپڕ.