هەندێك ڤیتامین لەوانەیە كە ئارەزووی خواردن كەم بكەنەوە، ئاستی میتابۆلیزم تاوبدەن، هەروەها یارمەتیی كەمبوونەوەی رێژەی چەوریی لەش بدەن. ئەگەر تۆ بە شێوەیەكی سروشتی بە ڤیتامین كۆنترۆڵی ئارەزووی خواردن بكەیت، ئەوا نەك تەنیا بڕی وەرگیراوی وزە لە خۆراكتەوە كەم دەبێتەوە، بەڵكو پێویستی رۆژانە لەم ڤیتامینە گرنگانە دابین دەكەیت كە پێویستن بۆ راپەڕاندنی فرمانە رۆژانەكانی لەش. بۆ نموونە، ڤیتامین C كە سەرەڕای ئەوەی دژەئۆكسانێكی بەهێزە، لەوانەیە كە رۆڵی هەبێت بۆ كەمكردنەوەی ئارەزووی خواردن و كەمكردنەوەی هەستیی زوو برسیبوون و كۆنترۆڵكردنی راهاتن لەسەر خواردنی شیرینیدا، ئەم ڤیتامینە رۆڵێكی دیكەی هەیە لە بەهێزكردنی سیستمی بەرگری لەشدا بەرانبەر بە هەوكردنە بەكتریایی و ڤایرۆسییەكاندا، سەرچاوەكانی ڤیتامن C بریتین لە میوە مزرەكانی وەكو لیمۆ و پرتەقاڵ، كیوی، برۆكۆلی، قەرنابیت، بیبەری سەوز، فەراولە. كۆمەڵەی ڤیتامین B رۆڵی گرنگیان هەیە لە كەمكردنەوەی ئارەزووی خواردن و كۆنترۆڵكردنی كێشی لەش. ڤیتامین B2 و B3 گرنگن بۆ میتابۆلیزم و تەندروستیی گلاندی دەرەقی و باشتركردنی توانای بەرگەگرتنی شەكری گلوكۆز. هەروەها ڤیتامین B6 رۆڵی هەیە لە دروستكردنی هۆرمۆنەكانی گلاندی دەرەقی و میتابۆلیزمدا. جگە لەم ڤیتامینانە، ترشە چەوری ئۆمیگا 3 رۆڵی هەیە بۆ كۆنترۆڵكردنی ئارەزووی خواردن، سەرچاوە خۆراكییەكانی بریتین لە: ماسیی تونا و سالمۆن، زەیتی كەتان Flaxseed، سەوزە گەڵا تاریكەكان.