پێكهاتە گرنگەكانی كونجی Sesame بریتین لە كۆپەر، مەنگەنیز، كالسیۆم، مەگنسیۆم، ئاسن، فۆسفۆر، ڤیتامین B1و ڤیتامین E، زینك، ریشاڵی رووەكی لە جۆری سیسامین Sesamine و سیسامۆلین Sesamolin كە رۆڵی باشیان هەیە بۆ پاراستنی جگەر و دابەزاندنی كۆلیستیرۆلی خوێن و دابەزاندنی پەستانی بەرزی خوێن. كونجی بەوەی كە بڕێكی باشی لە كانزای كالسیۆم و زینك تێدایە، بارستایی ئێسكەكان دەپارێزێت دژ بە پووكانەوەی ئێسك كە لە پیاوانی بەساڵاچوو و ئافرەتانی پاش تەمەنی وەستانی یەكجارەكی عادە بەدی دەكرێت و دەبێتە هۆی ئازار و زوو شكانی ئێسك بە هێزێكی دەرەكی سادەوە. كونجی ئازار و ئاوسانی جومگەكان كەم دەكاتەوە لە حاڵەتەكانی هەوكردنی جومگەی رۆماتیزمی. كونجی سوودی هەیە بۆ كەمكردنەوەی نیشانەكانی رەبو، كەمكردنەوەی نۆرەكانی سەرئێشە لە نەخۆشانی شەقەسەردا، باشتركردنی نووستن لە ئافرەتانی تووشبوو بە خەوزڕانی پەیوەست بە تەمەنی وەستانی یەكجارەكی عادەی مانگانە Menapause. هەر كەوچكێكی گەورەی كونجی بە توێكڵەوە Unulled sesame كە سپی نەكرابێت نزیكەی 88 ملگم كالسیۆم لەخۆدەگرێت كەچی یەك كەوچكی گەورە لە كونجی سپیكراو Hulled تەنیا 5-10 ملگم كالسیۆم لەخۆدەگرێت واتە بە رێژەی 90-95% كەمتر. تەحینی Tahini یان شیرەی چڕی كونجی لە كونجی سپیكراو دروست دەكرێت بۆیە رێژەیەكی كەمتری كالسیۆم لەخۆدەگرێت. گەلێك جار زاراوەی كەرەی كونجی Sesame butter لەجیاتی تەحینی بەكاردێت، هەندێك جاریش لە كونجی تەواو بێ سپیكردن دروست دەكرێت. بۆ دابینكردنی بەهای خۆراكی تەواو، واباشە كە كونجی بە توێكڵەوە پاش برژاندنێكی كەم بكوترێت یان ئاوا بخورێت