بە كوڵاندنی سەوزەكان هێشتا كەمێك لە ماددە خۆراكییە گرنگەكان ون دەبن هەتا ئەگەر لەناو دەفرێكی بە قەپاغ داپۆشراویش بكوڵێنرێن، بە مانایەكی دیكە ناتوانرێت كە رێگا لە ونكردنی ماددە خۆراكییەكان بگیرێت كە سەوزەی تازە دەكوڵێنرێت، بەڵام داپۆشینی دەفری كوڵاندن تا رادەیەك ئەگەر كەمیش بێت رێژەی ونبوونی ماددە گرنگەكان كەم دەكاتەوە. هەروەها كەمتر كوڵاندنی سەوزەكان بەتایبەتی سەوزە ناسكەكان رێگایەكی دیكەیە بۆ پاراستنی پێكهاتە گرنگەكان، لەمەش گرنگتر ئەوەیە كە سوپی سەوزەكان فڕێ نەدرێت، چونكە چەندین كانزا و ڤیتامین بەتایبەتی ئەوانەی كە بە گەرمكردن تێكنەشكاون لەخۆدەگرێت كە بە كرداری كوڵاندن سەوزە جێدێڵن و دەچنە ناو سوپەكە. لە لایەكی ترەوە، بەردەوام سووركردنەوەی سەوزەكان لە زەیت یان لە رۆندا دەبێتە هۆی ئەوەی كە رێژەی وزە یان كالۆری زیاتر بێت و ئەگەری زیادبوونی كێش و قەڵەوی بێتە پێشەوە. پاش كوڵاندن و بەفیڕۆنەدانی سوپی سەوزە، ئامادەكردن بە هەڵم Steaming رێگایەكی تری تەندروستییانەیە بۆ هێشتنەوەی بەرزترین بەهای خۆراكی سەوزەكان و كەمبوونەوەی رێژەی لەدەستدانی ماددە خۆراكییە گرنگەگان.