فستقی سودانی Peanutsوزەیەكی بەرز و چەندین كانزا و ڤیتامین و ماددەی دژەئۆكسان لەخۆدەگرێت كە سوودی زۆر بە تەندروستی دەگەیەنن. فستقی سودانی بڕێكی باش لە ڤیتامین E لەخۆدەگرێت بە رێژەی پتر لە 8 ملگم لە 100 گرامدا، ئەم ڤیتامینە دژەئۆكسانێكی بەهێزە و رۆڵی هەیە بۆ پاراستنی پەردەی خانەكان و ناوپۆشە لینجەكان و پێست لە كۆلكە سەربەستەكان كە لە ئەنجامی كرداری ئۆكساندا پەیدا دەبن و زیانی گەورە بە خانەكانی لەش دەگەیەنن. فستقی سودانی رێژەیەكی باش لە ڤیتامینەكانی B1، B2، B3، B5، B6، B9 یان فۆلێت لەگەڵ كانزایەكانی كۆپەر، مەنگەنیز، پۆتاسیۆم، كالسیۆم، ئاسن، مەگنسیۆم، زینك، سیلینیۆم لەخۆدەگرێت كە رۆڵی بەرچاویان هەیە بۆ پاراستنی تەندروستی. فستقی سودانی ترشە چەورییە یەكانە ناتێرەكانی وەكو ترشی ئۆلێیك Oleic acid لەخۆدەگرێت كە ئاستی كۆلیستیرۆلی خراپ LDL دادەبەزێنن و ئاستی كۆلیستیرۆلی باش HDL لە خوێندا بەرز دەكەنەوە، هەروەها سەرچاوەیەكی باشە بۆ پرۆتین كە گرنگە بۆ گەشە و نوێبوونەوەی خانەكان، جگە لەمانە رێژەیەكی بەرز لە ماددە پۆلیفینۆلیكەكان Poly-phenolics لەخۆدەگرێت كە دژەئۆكسانی بەهێزن و رۆڵیان هەیە بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجەی گەدە بە كەمكردنەوەی دروستبوونی ماددە نایترۆزئەمینەكان Nitrosamines كە ماددەی شێرپەنجەیین، هەروەها ماددەی رێسڤێراترۆل Resveratrol رۆڵی هەیە بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە شێرپەنجە و نەخۆشیی دڵ و نەخۆشی دەمارەكانی پەیوەست بە تەمەن، هەروەها نەخۆشی ئەلزهایمەر و هەوكردنە بەكتیری و ڤایرۆسییەكان.