خواردنی میوە رۆژانە رێگایەكی مسۆگەرە بۆ تەندروستییەكی باشتر، بەڵام هێشتا لە لای گەلێك كەس ئاسان نییە و بە ڕێكی پەیڕەوی ناكەن. دانانی میوە لەناو قاپ یان دەفرێكی شووشە یان پلاستیكی شەفاف و لەبەردەستدا هۆكارێكی هاندەرە بۆ خواردنی میوە. میوە سەرچاوەی گرنگن بۆ ماددە پێویست و گرنگە خۆراكییەكان وەكو ڤیتامین و كانزا و ماددە دژەئۆكسانەكان، ئەمە جگە لە ریشاڵ و شەكری میوە و رێژە بەرزەكەی ئاو. زۆربەی میوەكان رێژەیەكی باشی ریشاڵ Fiber لەخۆدەگرن كە رۆڵی بەرچاوی هەیە لە رێكخستنی جوولەی ریخۆڵەدا. میوە رۆژانە بە چەندین رێگا سوودی زۆر بە لەش دەگەیەنێت. بۆ پەیڕەوكردنی خۆراكێكی تەندروستییانە بە مەبەستی كۆنترۆلكردن یان دابەزاندنی كێشی لەش و هەستكردن بە وزە و چالاكییەكی باشی لەش، بڕێكی باشی میوە بخەرە خۆراكتەوە، ئینجا زوو درك بە سوودەكانی دەكەیت. ئەوە ئاشكرایە كە پێویستە رۆژانە بڕێكی باشی ئاو بخۆیتەوە كە واباشە بەلای كەم لە نێوان 6-8 پەرداخدا بێت، بەڵام لەوانەیە كە گەلێك جار لەبەر هۆكاری جیاواز ئەم بڕە ئاوە نەخۆیتەوە، بۆیە زیاد خواردنی میوە بڕێكی باشی ئاو بۆ لەشت دابین دەكات لەوكاتەی كە رێژەی ئاو لە زۆربەی میوەكاندا دەگاتە 80% یان زیاتر. هەروەها خواردنی میوە رۆڵی هەیە بۆ دابەزاندنی كۆلیستیرۆل و خۆپاراستن لە تووشبوون بە نەخۆشی دڵ و جەڵتەی مێشك و چەندین جۆری شێرپەنجە.