لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە پتر لە 44% ی فەرمانبەران دوچاری زیادبوونی كێشی لەش Workplace weight gain دەبنەوە بەتایبەتی ئەوانەی كە زیاتر ئیشی ئۆفیس و نووسین دەكەن و زۆربەی كاتەكان لەسەر كورسی دادەنیشن و ناوە ناوە ژەمێكی بچووكی خۆراك Snacks دەخۆن. جگە لەمانە، هۆكارە یارمەتیدەرەكانی تری زیادبوونی كێش لە شوێنی كاردا بریتین لە: سترێس و شەكەتی كار Job stress، كردنەوەی بۆنەكان لە شوێنی كاردا لەگەڵ خواردنی شیرینی و ساردەمەنییەكان، فشاری هاوڕێیانی كار بۆ خواردن. بۆ خۆپاراستن لە زیادبوونی كێش لە شوێنی كاردا، پەیڕەوی چەند هەنگاوێك بكە، بۆ نموونە هەرگیز بێ خواردنی ژەمێكی باش و تەواوی بەیانی نەچیتە سەر كارەكەت چونكە ئەمە وات لێدەكات كە بەردەوام هەست بە برسیبوون بكەیت و هەموو جۆرە خواردنێك بخۆیت، خواردن یان هەتا ژەمی سەرەكی نیوەڕۆ لەسەر مێزی ئۆفیس مەخۆ بەڵكو واباشترە كە برێكێك وەربگریت و ژەمەكەت بخۆیت و ئەو خۆراكانە هەڵبژێریت كە كالۆری و چەوری كەم لەخۆدەگرن، لەكاتی بۆنەكان لە فەرمانگەكەتدا هەوڵ بدە كەمترین بڕی شیرینی بخۆیت و كەمترین بڕی شەربەت یان نوشابە گازدارەكان بخۆیتەوە، ئەگەر هیچ گرفتێكت لە جومگەكاندا نییە و ژووری كارت كەوتۆتە قاتەكانی سەرەوە ئەوا هەوڵ بدە كە بە رێگای قاڵدرمەكان سەركەویت لەجیاتی ئەسانسێر، ناوە ناوە لە شوێنەكەت هەڵسە و جووڵەیەك ئەنجام بدە.