گازی یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن یان كاربۆن مۆنۆكساید Carbon monoxide بێ رەنگ و بێ بۆنە، گازێكی مەترسیدارە لەوانەیە ببێتە ئەگەری نەخۆشیی كتوپڕ و مردن. گازی كاربۆن مۆنۆكساید پەیدا دەبێت لە ئەنجامی كاركردنی ئۆتۆمۆبیل، مەكینەی بچووكی گازوایلی، فرنی، سووتانی خەڵووز و تەختە. لەم سەرچاوانە رێژەی كاربۆن مۆنۆكساید زیاتر لە شوێنی داخراو یان نیمچە داخراودا زیاد دەبێت و ئەگەری ژاراویبوونی مرۆڤ پەیدا دەكات. نیشانەكانی ژاراویبوون بە گازی یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن بریتین لە: سەرئێشە، سەرسووڕان، بێ هێزی گشتی، هێڵنج، رشانەوە، سینگ ئێشە، شێوان. هەڵمژینی بڕێكی زۆری كاربۆن مۆنۆكساید لەوانەیە ببێتە ئەگەری لەهۆشچوون و مردن. ئەم نیشانانە لە نەخۆشی دیكەش بەدی دەكرێن، بۆیە دەستنیشانكردن كارێكی ئاسان نییە، بۆ نموونە لەوانەیە كە كەسێكی نووستوو بە هۆی ژاراویبوون بە كاربۆن مۆنۆكساد بمرێت پێش ئەوەی كە نیشانەكان سەرهەڵبدەن. بۆ خۆپاراستن لە ژاراویبوون پەیڕەوی ئەم خاڵانە بكە: هەرگیز تەباخی گاز یان فرنی یان سۆبەی گاز بۆ گەرمكردنەوە لەناو ژوورەكاندا بەكارمەهێنە، هەرگیز هیچ جۆرێكی خەڵووز یان رەژوو لەناو ماڵ یان لە هەر شوێنێكی داخراودا مەگەشێنەوە، هەرگیز گێنەرێتەر یان موەلیدە لەناو ماڵ یان لە گەراج یان لە نزیك دەرگا و پەنجەرەكاندا مەخەرە كار. ساڵانە مەكینەی ئۆتۆمبیلەكەت بەسەر بكەرەوە چونكە لیكێكی Leak بچووك دەبێتە هۆی كۆبوونەوەی گازی كاربۆن مۆنۆكساید لەناو ئۆتۆمبیلدا، هەرگیز ئۆتۆمبیل هەڵمەكە لە گەراجێك كە دەرگاكەی داخرابێت.