رۆژانە دەنكێك سیر بخۆ

رۆژانە دەنكێك سیر بخۆ
سیر Garlic خۆراكێكی پزیشكییە ناسراوە. بە گوێرەی لێكۆڵینەوەكان سیر توانای سنوورداركردن و كپكردنی گرێ شێرپەنجەییەكانی هەیە بەتایبەتی شێرپەنجەی كۆڵۆن و مەمك و گەدە، هەروەها دژەئۆكسانێكی بەهێزە كە سوودی بۆ كۆئەندامی دڵ و سووڕان هەیە. سیر رۆڵی هەیە بۆ خۆپاراستن لە كۆبوونەوەی خوێنی مەییو لەناو بۆڕیەكانی خوێندا و ئاستی كۆلیستیرۆلی خراپ LDL لە خوێندا دادەبەزێنێت، بەمەشەوە خوێنبەرەكانی دڵ لە رەقبوون دەپارێزێت. ئەمەش روونكراوەتەوە كە پێكهاتەكانی سیر چالاكی دژەمیكرۆب و دژەكەڕوویان هەیە، بۆیە سیر لە ئافرەتدا سوودبەخشە بۆ چارەسەركردن یان كەمكردنەوەی هەوكردنەكانی كۆئەندامی زاووزێ بە بەكتریا و كەڕووی كاندیدا Candida. دەنكێك سیر تەنیا 4 كالۆری وزەی تێدایە، هەروەها ماددەی ئەلیسین Allicin لەخۆدەگرێت كە گۆگرد یان سولفەری تێدایە وهۆكارە بۆ بۆنە تایبەتەكەی سیر. پاش خواردنی سیر ئەم مۆلیكیولە گۆگردیانە هەڵدەمژرێنە ناو خوێن و سییەكان، لەوێشەوە بۆنەكەی لەگەڵ هەناسەدانەوەدا دێتە دەرەوە. زۆر جاریش بۆنی لەش بە گشتی دەبێتە بۆنی سیر، بە تایبەتی ئەگەر بڕێكی زیادی سیر بخورێت. بە هەرحاڵ خواردنی مەعدەنوس یان بەقدونس Parsley بۆنی سیر كەم دەكاتەوە بۆ دەورووبەر. هەوڵ بدە كە رۆژانە یەك دەنك سیر بخۆیت، دەنكێك سیر Clove واتە 2-5 گرام سیری تازە یان 0.4-1.2 گرام پاودەری سیری وشككراو كە هاوتا لەگەڵ 2-5 ملگم زەیتی سیر یان300-1000 ملگم پوختەی سیر Garlic extract.
Top