چەوری زیاتری لەش، گرفتی تەندروستی زیاتر

چەوری زیاتری لەش، گرفتی تەندروستی زیاتر
هەر چەند رێژەی چەوری لە لەشدا زیاتر بێت هێندە ئەگەری تووشبوون بە چەندین نەخۆشیی زیاتر دەبێت وەكو نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم، نۆرەی دڵ، جەڵتە Stroke، هەناسەڕاوكێ لەكاتی نووستندا Sleep apnea، نەخۆشیی ئەلزهایمەر Alzheimer’s disease، نەخۆشیی گورچیلە، پەككەوتنی جگەر، پەل بڕینەوە، كوێربوون، زوو مردن لە ئەنجامی لیستێك لە گرفتی تەندروستی. ئەگەر بڕێكی زیادی شەكر بخۆیت كە پتر بێت لەو بڕە وزەیەی كە بە جوولە سەرفی دەكەیت، ئەوا لەش ئەو بڕە وزە زیادەیە بە چەندین كارلێكی زیندەكیمیایی دەگۆڕێت بۆ چەوری، لەشی مرۆڤ لەبارە و ئامادەباشی زۆری هەیە بۆ جێگرتنەوەی بڕێكی زۆری چەوری. لەش خۆراك دەگۆڕێت بۆ شەكری گلوكۆز، ماسوولكەكان زۆربەی ئەم شەكرە وەكو سووتەمەنی بەكاردێنن، لەگەڵ مەشقی وەرزشیدا ماسوولكە بڕی زیاتری شەكر دەسووتێنێت، لەگەڵ كەمی جوولە و كەمتر بەكارخستنی ماسوولكەدا لەش چەوری كۆدەكاتەوە. تۆپەڵی زەرد یان شەكری بەكارنەهاتوو لەناو خوێنبەرەكاندا دەسووڕێتەوە و دەگاتە شانە و ئەندامەكان و لەوێدا دەنیشێت. خوێنبەری دوورتر لە دڵ باریكترن بۆیە زیاتر ئەگەری نیشتنی چەوری لە ژێر چینی ناوپۆشەكەیان دەكرێت واتە رەقبوونی خوێنبەر. ئەمە روونكراوەتەوە كە هەتا بڕی 2 كیلۆگرام چەوریی زیاد لە لەشدا لە ئەگەری گرفتە تەندروستییەكان بەدەر نییە و هەتا رێژەی چەوری لە لەشدا هەڵكشێت مەترسی زیاتر دەخاتە سەر تەندروستی.
Top