مەشقی وەرزشی Exercise لە گەلێك كەسدا دەبێتە ئەگەری پەیدابوونی دڵەكزێ Heartburn. هەروەها لە كەسانی تووشبوو بە دڵەكزێ، لەوانەیە كە مەشقی وەرزشی بارەكە سەختتر بكات، بەڵام حاڵەتەكە ناگاتە ئەو رادەیەی كە تووشبوو واز لە مەشقەكە بێنێت. مەشقی وەرزشی رۆژانە بۆ ماوەی 30 خولەك بە بەردەوامی لە زۆربەی رۆژەكانی هەفتەدا بە تێپەڕبوونی كات ناڕحەتی و نیشانەكانی دڵەكزێ كەم دەكاتەوە. مەشقی وەرزشی شەكەتی دەروونی یان سترێس سووك دەكات كە هۆكارێكە بۆ زیاد دەردانی ترشەلۆكی گەدە و دڵەكزێ، هەروەها كێشی لەش كۆنترۆل دەكات لەوكاتەی كە كەرش یان چەوری دەوری ورگ Belly fat و كەمەر هۆكارێكی ترە بۆ پەیداكردنی دڵەكزێ. بۆ كەمكردنەوەی دڵەكزێی پەیوەست بە مەشقی وەرزشی پەیڕەوی ئەم خاڵانە بكە: راستەوخۆ پاش ژەمی خواردن بە گەدەی پڕەوە مەشقی وەرزشی ئەنجام مەدە بەڵكو واباشترە كە پاش 2 كاتژمێر ئینجا مەشق بكەیت، با ژەمی پێش مەشقی وەرزشی ژەمێكی سووك بێت. ئەو خۆراكانە كەم بخۆ كە ئەگەری دڵەكزێ زیاتر دەكەن وەكو تەماتە، میوە مرزەكان یان شیرەی میوە مزرەكان، پیاز، تیژی و بەهارات، شوكولاتە، نەعناع، چای، كۆلا یان سۆدا، سركە، ئەلكهول. بڕێكی باشی ئاو بخۆرەوە بۆ یارمەتیدانی هەرس و رێگرتن لە كەمبوونەوەی شلە لە لەشدا. لەكاتی مەشقی وەرزشیدا بڕێكی زۆری ئاو بخۆرەوە، ئەگەر سپۆرت درینك دەخۆیتەوە ئەوا پێویستە كە لەگەڵ ئاو تێكەڵی بكەیت بۆ كەمكردنەوەی خەستییەكەی چونكە كاربۆهیراتی ناو سپۆرت درینك دڵەكزێ زیاتر دەكات. پاش مەشقی وەرزشی پەرداخێك شیری كەم چەوری بخۆرەوە.