بەڵێ، چونكە ترێ Grapes رەش یان سپی رێژەیەكی بەرزی كاربۆهیدرات كە زیاتری بە شێوەی شەكری میوە یان فركتۆز Fructose لەخۆدەگرێت. بەگشتی كوپێك یان ژەمێكی بچووكی هەر خۆراكێك كە 5 گرام یان پتر لە كاربۆهیدرات لەخۆبگرێت ئەوا دەبێتە ئەگەری بەرزبوونەوی ئاستی شەكری خوێن. كوپێك ترێ نزیكەی 25 گرام كاربۆهیدرات بە شێوەی شەكر و ریشاڵ لەخۆدەگرێت كە شەكر 23 گرام و ریشاڵ تەنیا 2 گرام پێكدێنێت. پاش هەرسكردن، لەش شەكری میوە بۆ شەكری گلوكۆز Glucose دەگۆڕێت كە لە خوێندا بەرز دەبێتەوە، گلوكۆز كە سادەترینی شەكرەكانە، لەش وەكو سەرچاوەیەكی بنەڕەتی وزە بەكاریدەهێنێت. ئەگەرچی ترێ خۆراكێكی تەندروستییانەیە، بەڵام زیاد خواردنی واتە وەرگرتنی بڕێكی زۆری شەكر كە لە رووی تەندروستییەوە پەسەند ناكرێت. گەلێك كەس وابیردەكەنەوە كە زیاد خواردنی شەكری سروشتی وەكو ئەوەی كە لە ترێ و میوەكانی تردایە هیچ زیانێك بە تەندروستی ناگەیەنێت بە بەراورد لەگەڵ شەكری ئاسایی یان سوكرۆز Sucrose، لە راستیدا ئەم بۆچوونە هەڵەیە چونكە زیاد خواردنی شەكر جا لە هەر سەرچاوەیەك بێت هەر بە عادەتێكی خراپی پەیوەست بە خۆراك دادەنرێت.