رۆڵی ڤیتامینەكان بۆ رێگرتن لە ئاڵۆزییـەكانی نەخۆشی شەكرە

رۆڵی ڤیتامینەكان بۆ رێگرتن لە ئاڵۆزییـەكانی نەخۆشی شەكرە
بۆ خۆپاراستن لە ئاڵۆزییە مەترسیدارەكانی نەخۆشیی شەكرە لەسەر تووشبووان پێویستە كە پەیڕەوی ئەم هەنگاوانە بكەن: پابەندبوون بە پارێزی خۆراك و دەرمان، مەشقی وەرزشی بە پێی ئاستی شەكری خوێن، خۆبەسەركردنەوە لە لایەن دكتۆر بە شێوەیەكی دەوری بە مەبەستی پاراستنی چاوەكان و پێیەكان و پێست و لایەنی سێكسی، پاراستنی گورچیلەكان و خۆپاراستن لە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، پاراستنی دڵ، ئەمەش روونكراوەتەوە كە وەرگرتنی چەند ڤیتامینێك بە دابینكردنی تەواو لە رێگای خۆراكەوە ئەگینا بە رێگای یارمەتیدەری خۆراكی یان بە شێوەی دەرمان تا رادەیەكی باش تووشبوو لە ئاڵۆزییەكان دەپارێزێت. لەبەر ئەوەی كە نەخۆشی شەكرە Diabetes mellitus نەخۆشییەكی درێژخایەنە و دەرمان بە بەردەوامی وەردەگیرێت، حاڵەتەكە پێویست بە وەرگرتنی ڤیتامینی جۆراوجۆر یان ماڵتی ڤیتامین Multivitamins دەكات. هەندێك جۆری ڤیتامین یەكجار گرنگ و پێویستن بۆ نەخۆشانی شەكرە چونكە رۆڵی گرنگیان هەیە بۆ رێكخستنی ئاستی هۆرمۆنی ئینسولین لە لەشدا. ئەو ڤیتامینانەی كە بۆ نەخۆشی شەكرە پێویستن و بە ڤیتامینەكانی شەكرە ناسراون بریتین لە: ڤیتامین D، C، B6، B12. بڕی تەواوی ڤیتامین C لە لەشدا ئاستی شەكری سۆربیتۆل لە خوێندا دادەبەزێنێت، لەو كاتەی كە زیادبوونی ئاستی ئەم جۆرە شەكرە لە خوێندا ئەگەری ئاڵۆزییەكان لە نەخۆشانی شەكرەدا زیاتر دەكات. ئەوە راستییەكی زانستی چەسپاوە كە ئاستی بەرزی شەكری خوێن هۆكارە بۆ روودانی ئاڵۆزی لە دەمارەكاندا بە شێوەی هەوكردنی دەمارەكانی دەوروبەر Neuropathy، ئەمەش زانراوە كە ڤیتامن B6 و ڤیتامین B12 رۆڵیان هەیە بۆ پاراستنی دەمارەكان.
Top