ماستی كەم چەوری Low fat yogurt سەرچاوەیەكی زۆر باشە بۆ كالسیۆم، بۆ نموونە كوپێك ماست نزیكەی 300 ملگم كالسیۆم لەخۆدەگرێت، لەگەڵ رێژەیەكی نزمی چەوری و شەكری لاكتۆز، كارلێكی نێوان مۆڵگە زیندووەكانی بەكتریای سوودبەخش لەناو ماستدا لەگەڵ كالسیۆمدا زێتر هانی هەڵمژینی كالسیۆم لە كۆئەندامی هەرس دەدات. هەروەها ماست سەرچاوەیەكی تەندروستییانەیە بۆ پرۆتین و كۆمەڵەی ڤیتامین B، بۆیە خۆراكێكی زۆر گونجاوە بۆ ژەمی بەیانیان. هەر چەند ئەو ماستە سروشتیتر بێت هێندە سوودی بۆ تەندروستی زیاترە بە پێچەوانەی ئەو جۆرە ماستەی كە شیرینكاری دەستكرد یان رەنگ و چێژ و شەكری زیادی تێدەكرێت كە لە بەها خۆراكی و بەها تەندروستییەكەی كەم دەكەنەوە. ریخۆڵە چەندین تریلیۆن بەكتریای سوودبەخش لەخۆدەگرێت كە سوود بە كۆئەندامی هەرس و سستمی بەرگریی لەش دەگەیەنن، ماست یارمەتی مانەوە و هاوسەنگی ژمارەی ئەم بەكتریایانە دەدات بەوەی كە پرۆبایۆتیك Probiotics لەخۆدەگرێت كە بریتییە لە مۆڵگەی بەكتریای سوودبەخش كە بە كرداری هەوێنبوون Fermentation دروست دەبێت. ماست وەكو سەرچاوەیەكی سەرەكیی كالسیۆم خۆراكێكی گونجاوە بۆ ئەو كەسانەی كە دوچاری نەخۆشیی بەرگەنەگرتنی شەكری شیر یان لاكتۆز Lactose intolerance بوون و هەتا زیاد خواردنیشی نابێتە هۆی سەرهەڵدانی هیچ نیشانەیەكی وەكو ناڕەحەتیی گەدە یان كۆبوونەوەی گاز لە رێڕەوەكانی كۆئەندامی هەرسدا.