شیرینكارە دەستكردەكان Artificial Sweeteners مادەی خۆراكی نین، ڤیتامین لەخۆناگرن، بە جێگرەوەكانی شەكر ناوزەد دەكرێن چونكە چێژی شیرین دەدنە خۆراك و خواردنەوەكان، هیچ كالۆری لەخۆناگرن، مادە شیرینكارە دەستكردەكان لە چەندین رووەوە بۆ نموونە لە رووی ئاستی شیرینییەوە لە یەكتری جیاوازن، هەروەها لە رووی سەلامەتییەوە تا ئێستاش نیشانەی پرسیاریان لەسەرە. شیرینكارەكان جگە لە بەخشینی چێژی شیرین، بە مەبەستی كەمكردنەوەی یان بەلاوەنانی كاربۆهیدرات لە خۆراكی نەخۆشانی شەكرەدا سوودیان لێوەردەگیرێت، ئەمەش رێگا واڵا دەكات لەبەردەم نەخۆشانی شەكرەدا تاكو خۆراكیان زیاتر جۆراوجۆر بكەن كە لەگەڵ تەندروستییان دەگونجێت. سوكرالۆز Sucralose كە لە ژێر ناوی سپلێندا Splenda لە بازاڕەكاندایە، لە شیرینكارە دەستكردە نوێیەكانە، لە شەكر دروستكراوە بۆیە چێژی وەكو چێژی شەكر وایە، گەلێك لە شەكری ئاسایی شیرینترە، تا ئێستا بە شیرینكارێكی سەلامەت بۆ تەندروستی ناسراوە. ئەسپارتێم Aspartame شیرینكارێكی دەستكردی دیكەیە، لە گەلێك خواردن و خواردنەوەدا بەكاردەهێنرێت، وزەی زۆر كەمی تێدایە و زیانی لابەلای نییە. سەككارین Saccharin نموونەیەكی دیكەی شیرینكارە دەستكردەكانە، لە هەموویان كۆنترە، 300 جار لە شەكری ئاسایی شیرینترە. نیۆتێم Neotame نوێترینی شیرینكارە دەستكردەكانە، لە پێكهاتندا زۆر نزیكە لە ئەسپارتێم، 700 جار لە شەكری ئاسایی شیرینترە، هیچ وزە لەخۆناگرێت چونكە كاربۆهیدراتی تێدانییە. ستیڤیا Stevia تاكە شیرینكارە كە لە رووەكەوە پوختە و وەردەگیرێت و لە رووی تەندروستییەوە جێگای متمانەیە.