رێژەی شلە لە لەشدا لە نێوان 55-70% دایە، لەكاتی وەرزشدا رێژەی ئارەقەكردن زیاد دەبێت و لەش شلە ون دەكات، بۆ قەرەبووكردنەوە پێویستە كە وەرزشوان شلە بخواتەوە پێش دەستكردن بە وەرزش و لەكاتی وەرزش و لەپاش وەرزشدا. جا شلەی ونبوو بە ئاو یان بە سپۆرت درینك قەرەبوو دەكەیتەوە، ئەمە هەڵبژاردنی خۆتە، بەڵام ئەگەر كاتی وەرزشەكەت بۆ ماوەی پتر لە 90 خولەك بەردەوام بێت ئەوا باشترە كە سپۆرت درینك بخۆیتەوە كە رێژەیەك كاربۆهیدرات لەخۆدەگرێت بەتایبەتی ئەو جۆرەی كە 15-18 گرام كاربۆهیدرات لە هەر 230 میللیلیتردا لەخۆدەگرێت. هەندێك جاریش بەكارهێنانی ئەو جۆرانەی سپۆرت درینك كە رێژەیەكی بەرزی كاربۆهیدراتان شەكریان تێدایە كە لەوانەیە بگاتە 60 گرام (15كەوچكی كوپ) لە بتڵێكدا دەبێتە ئەگەری سك ئێشە و هێڵنج یان سكچوون، چونكە رێژەی بەرزی كاربۆهیدرات هەڵمژینی ئاو دوادەخات. بەگشتی سپۆرت درینك Sport drink وزە و شەكر لەخۆدەگرێت لەگەڵ رێژەیەكی كەم لە ماددە خۆراكییە سوودبەخشەكان. بەڵام بۆ ئەوانەی كە بەردەوام وەرزشی توند ئەنجام دەدەن لەوانەیە زیانی كەمتر بێت، چونكە زۆربەی وزە زیادەكە بە جووڵە سەرف دەكات.