ئایا شیرەی لیمۆ زیان بە ددان دەگەیەنێت؟

ئایا شیرەی لیمۆ زیان بە ددان دەگەیەنێت؟
بە تێپەڕبوونی كات، لەوانەیە كە زیاد بەكارهێنانی شیرەی لیمۆ Lemon juice كاریگەری بكاتە سەر چینی مینا Enamel یا چینی دەرەوەی ددان بە شێوەی سووان Erosion یان داڕووشان. شیرەی لیمۆ خاوەن ترشێتییەكی بەرزە، چونكە رێژەیەكی بەرز لە ترشی سیتریك Citric acid یان ترشی میوە لەخۆدەگرێت كە بە لەیموندوزی ناسراوە واتە ترشی لیمۆ. چینی مینای ددان دەوڵەمەندە بە كانزایەكان بەتایبەتی كالسیۆم بە شێوەی ئاوێتەیەكی كریستالی كالسیۆم و فۆسفۆر. ترشی سیتریك بە ئاسانی لەگەڵ كالسیۆم كارلێكدەكات و ئاوێتەیەك بە ناوی سیترێتی كالسیۆم Calcium citrate پێكدەهێنێت، ئەم ئاوێتەیە لەگەڵ ترشێتییە چڕەكەی شیرەی لیمۆ هۆكارن بۆ سووانی چینی مینای ددان. شیرەی پرتەقال ئەم گرفتە پەیدا ناكات، چونكە ترشێتییەكەی (واتە PH) لە نێوان 3-4 دایە، واتە هێشتا كەمترە لە ترشێتی شیرەی لیمۆ كە لە نێوان 2-3 دایە. بۆ خۆپاراستن لەم گرفتە واباشترە كە شیرەی لیمۆ بە رێگای قامیش Straw بخورێتەوە تاكو بەر ددانەكان نەكەوێت یان بۆ كەمكردنەوەی ترشێتییەكەی لەگەڵ بڕێكی زۆری ئاو تێكەڵ بكرێت ئینجا بخورێتەوە.
Top