بەهای خۆراكی ماسی قوتووبەند

بەهای خۆراكی ماسی قوتووبەند
راستییەكی زانستییە كە قوتووبەندكردنی خۆراك Canning لە بەها خۆراكییەكەی كەم دەكاتەوە. لە كرداری قوتووبەندكردنی ماسیدا دوو قۆناغی گەرمكردن هەیە، پێش خستنە ناو قوتوو، ماسی بە هەڵم لە پلەی 100 سانتیگراددا بۆ ماوەی 1-8 كاتژمێر دەهێڵرێتەوە بەپێی قەبارەی ماسییەكە. پاشان خوێ و زەیت و ماددەی دیكەی لەگەڵدا تێكەڵ دەكرێت ئینجا دەچێتە قۆناغی دووەمی گەرمكردنەوە، لەم قۆناغەدا بەپێی قەبارەی قوتوو و هەندێك فاكتەری دیكە پێویستە كە ماسی لە پلەی گەرمی 116 ی سانتیگراد بۆ ماوەی 1-3 كاتژمێر دابنرێت. ئاستی پلەی گەرمی و ماوەی گەرمكردن دوو فاكتەری سەرەكین كە كاریگەری دەكەنە سەر بەهای خۆراكی ماسی و هەموو خۆراكەكانی دیكە لەكاتی كوڵاندندا. قوتووبەندكردن هیچ كاریگەرییەك ناكاتە سەر رێژەی پرۆتین، بەڵام پێویستە لەوە دڵنیابیت كە قووتووەكە بەرواری بەسەرچوونی لەسەرە و بەسەر نەچووە، زەبری بەر نەكەوتووە و نەقووپاوەتەوە، قوتووەكە نەئاوساوە و كون نەبووە، هەروەها ژەنگی هەڵنەهێناوە، چونكە لەم حاڵەتانەدا ئەگەری ئالوودەبوونی بە بەكتریا لێدەكرێت. هەروەها لەكاتی كردنەوەی قوتووەكە، دڵنیابە لەوەی كە كەڕوو لەسەر ماسییەكەدا نەنیشتووە، بۆنی ناخۆشی لێ نایەت، رەنگی نەگۆڕاوە. ئەو كەسانەی كە نەخۆشیی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنیان هەیە، لەگەڵ تووشبووان بە شەكرە و نەخۆشیی دڵ كە پارێزیان لە خوێ هەیە، دەبێ زۆر بەكەمی گۆشتی قوتووبەند بخۆن، چونكە رێژەیەكی بەرزی خوێ لەخۆدەگرن.
Top