دانەوێڵەكانی Grains وەكو گەنم و جۆ ئەگەری بەركەوتنیان بە چەندین جۆری كەڕوو Fungus لێدەكرێت. كەڕوو هەر لە كێڵگەدا لەسەر دانەوێڵەكاندا گەشە دەكات، بەڵام زیاتر لەسەر ئەو دانەوێڵەیە گەشە دەكات كە بۆ ماوەیەكی زۆر لە سایلۆكان یان لە شوێنێكی تردا خەزن دەكرێت. ئەم جۆرانەی كەڕوو و دەردراوەكانیان Mycotoxins گرفتی تەندروستی پەیدا دەكەن كە هەندێكیان سادە و هەندێكیشیان مەترسیدارن بەتایبەتی لەو كەسانەدا كە بەرگریی لەشیان لاوازە، بەڵام بە شووشتنێكی باش و وشككردنەوەی دانەوێڵە ئەگەری گرفتی تەندروستی زۆر كەم دەبێتەوە. گەلێك جۆری كەڕوو مایكۆتۆكسینەكان دەردەدەن كە ئاوێتەی ژەهراوین و دانەوێڵە و تۆوەكان ئالودە دەكەن و هۆكارن بۆ گرفتی تەندروستی پاش بەكارهێنانی دانەوێڵە بۆ خواردن. كە دەردراوە ژەهراوییەكانی كەڕوو دەگەنە لەش، كاریگەریی خراپ دەكەنە سەر دروستبوونی پرۆتین و سستمی بەرگری لەش و جگەر، بەمەشەوە ئەگەری تووشبوون بە هەوكردنەكان بە ڤایرۆس و بەكتریا زیاد دەبێت. هەندێك جاریش دەبنە ئەگەری هەستەوەرییەكی توند و هێدمە Shock، هەروەها هەستكردن بە ماندووبوون و شەكەتییەكی درێژخایەن و سك ئێشە و ئازاری ماسوولكە Fibromyalgia. بۆ خۆپاراستن لە ئەگەری ژاراویبوون بە كەڕوو پەیڕەوی ئەم هەنگاوانە بكە: خەزنكردنی دانەوێڵە لە شوێنی وشك و فێنك ئەگەری گەشەی كەڕوو تا رادەیەكیی زۆر كەم دەكاتەوە، ئەگەر گومانت لە دانەوێڵە هەبوو واباشترە كە بە تەواوی بیشۆیت و وشكی كەیتەوە بەر لە بردنی بۆ ئاش، بەگشتی بۆ خۆپاراستن لە دەردراوە ژەهراوییەكانی كەڕوو جگە لە دانەوێڵە بەكارهێنانی ئەم خۆراكانە كەم كەرەوە كە ئەگەری ئالوودەبوونیان لێدەكرێت وەكو گەنمەشامی، فستقی سودانی Peanuts، زەیتی تۆوی لۆكە، هەندێك جۆری پەنیر.