كەرەوز Celery وزەیەكی كەم و بەهایەكی خۆراكی بەرزی هەیە، 100 گرام كەرەوز تەنیا 14 كالۆری وزە لەخۆدەگرێت لەگەڵ چەندین كانزا و ڤیتامین و ماددەی دژەئۆكسان. كەرەوز ڕێژەیەكی باشی لە ڤیتامین C تێدایە لەگەڵ چەندین ماددەی بەسوودی تر، كە لەوانەیە ئاستی كۆلیستیرۆلی خوێن دابەزێنن و لە شێرپەنجە بمانپارێزن. خواردنی كەرەوز بەرگری لەش بەهێز دەكات بەرانبەر بە هەوكردنەكان بە تایبەتی هەوكردنە ڤایرۆسەكان، هەروەها نیشانەكانی هەڵامەت سووكتر دەكات، نیشانەكانی ڕەبو سووك دەكات، توندی ئازار كەم دەكاتەوە لە ڕۆماتیزمی جومگەكان و داڕوشانی جومگەكان یان سەوەفان. لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە كەرەوز مرۆڤ دەپاریزێت لە تووشبوون بە جەڵتە لەبەر زیادبوونی ئاستی چەوری خوێن، هەروەها سوودی هەیە بۆ دابەزاندنی پەستانی بەرزی خوێن بەوەی كە ماسوڵكەكانی دیواری خوێنبەرەكان خاودەكاتەوە و خوێنبەرەكان زیاتر دەكرێنەوە. لەبەر ئەوەی كە كەرەوز ڕێژەیەكی باشی لە سۆدیۆم و پۆتاسیۆم تێدایە، هاوسەنگی شلە لە لەشدا ڕێكدەخات، ئەمەش هانی فرمانی گورچیلەكان دەدات بۆ ڕزگاربوون لە شلەی زیادی لەش. جگە لەمانە، كەرەوز هەندێك مادەی دژەئۆكسانی تێدایە بە ناوی كۆمارینەكان Coumarins كە ڕێگا لە ماددە یان كۆلكە سەربەستەكان دەگرن، ئەم ماددانە زیان بە خانەكانی لەش بە گشتی دەگەیەنن و ئەگەری شێرپەنجە زیاد دەكەن، هەروەها كۆمارینەكان چالاكی خڕۆكە سپییەكانی خوێن زیاد دەكات، بەمشەوە سستمی بەرگری لەش بەهێز دەبێت بەرانبەر بە خانە شێرپەنجەییەكان.