كولەكە یان كودی هاوینی Summer Squash لەبەر ڕێژە بەرزەكەی ڕیشاڵ و چەندین كانزا و ڤیتامین و ماددەی دژەئۆكسان بەهایەكی خۆراكی بەرزی هەیە. كولەكە بڕێكی كەم وزە و ڕێژەیەكی بەرزی ئاو لەخۆدەگرێت، هەرسكردنی زۆر ئاسانە، خۆراكێكی دژە شێرپەنجەیە، كۆئەندامی دڵ و سووڕان دەپارێزێت، نیشانەكانی ئاوسانی پرۆستات BPH كەم دەكاتەوە. ماددە گرنگەكان لە كولەكەی هاوینەدا بریتین لە: كانزاكانی مەنگەنیز، مەگنسیۆم، پۆتاسیۆم، كۆپەر، فۆسفۆر، هەروەها ڤییتامینەكانی A، C، ڕایبۆفلاڤین یان ڤیتامین B2، فۆلێت یان ترشی فۆلیك كە یەكێكە لە كۆمەڵەی ڤیتامین B. پێكهاتووەكانی كولەكە بەتایبەتی ڕێژە بەرزەكەی ڕیشاڵ و مادە دژەئۆكسانەكان و ڤیتامینەكان ڕۆڵیان هەیە بۆ پاراستنی خوێنبەرەكان لەڕەقبوون كە ئەگەر لەخوێنبەرەكانی تاجی دڵدا ڕووبدات، ئەوا نۆرەیەكی دڵ سەرهەڵدەدات كە لەوانەیە كوشندە بێت. پێكهاتەكانی كولەكە ڕۆڵیان هەیە بۆ خۆپاراستن لەتووشبوون بەنەخۆشی شەكرە كە ئەویش وەكو ئاڵۆزییەك فاكتەرێكی نێگەتیڤی بەهێزە بۆ تووشبوون بەنەخۆشی دڵ بەتایبەتی ئەگەر فاكتەرەكانی تری تووشبوون بەنەخۆشی دڵ لەئارادابن وەكو قەڵەوی، تەمەن، جگەرەكێشان، كۆلیستیرۆلی بەرز، كەمی جووڵە و مەشقی وەرزشی. ڕێژە بەرزەكەی كانزای مەگنسیۆمی كولەكە ڕۆڵێكی بەرچاوی هەیە بۆ دابەزاندنی پەستانی بەرزی خوێن. جگە لەمانە، ماددە دژەئۆكسانەكانی كولەكە نیشانەكانی ڕۆماتیزمی جومگەكان و ڕەبو سووكتر دەكەن.