ئێستا زۆر كەس باس لەوە دەكەن كە چەورییەكان Fats بەگشتی ناتەندروستییانەن لەگەڵ ئەوەی كە لەزۆربەی خۆراكەكاندا هەیە، بەڵام پێویستە ئەمە لەبیرنەكەیت كە چەورییەكان ماددەی خۆراكی گرنگ و لەش پێویستی پێیان هەیە بەمەرجێك بەبڕی مام ناوەندی و جۆرە باشەكان بخرێنە خۆراكی ڕۆژانە، ئەمەش ڕوونە كە زیاد خواردنی چەورییەكان بەتایبەتی چەورییە خراپەكان زیان بەتەندروستی دەگەیەنێت. منداڵ بۆ گەشە لەگەورەكان زیاتر پێویستییان بەچەوری لەخۆراكدا هەیە لەوكاتەی كە بڕی ڕۆژانەی چەوری بۆ گەورەكان بە30%ی كۆی پێویستی وزەی ڕۆژانە كە لەنێوان 2000-2500 كالۆریدایە دیاركراوە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە ئەو چەورییانە بدرێنە منداڵ كە لەخۆراكی تەندروستییانەدان، بۆ نموونە پەنیر، گۆشت، ماسی، پەڵەوڕ، هێلكە، هەروەها دووربخرێنەوە لەو سەرچاوانەی چەوری كە لەخۆراكی ناتەدروستییانەدان وەكو: جیبس، بسكویتەكان، شوكولاتە، خۆراكە قوتووبەندەكان، خۆراكی خێرا و سووركردنەوەی خۆراك لەبڕی چەوری زۆر و داغدا. واباشترە كە شیری چەوری تەواو یان فول كرێم Full cream بدرێتە منداڵ بەلای كەم تا تەمەنی 2 ساڵی، چونكە منداڵ پێویستی زۆری بە وزە هەیە لەوكاتەی كە 1 گرام چەوری 9 كالۆری لەخۆدەگرێت واتە پتر لەپرۆتین و كاربۆهیدرات، پاش ئەم تەمەنە دەكرێ كە شیری كەم چەوریی یان بێ چەوری بخوات، بەڵام تەنیا بەڕێنمایی دكتۆر.