فۆسفۆر Phosphorus كانزایەكی چالاكە، هەرگیز بەسەربەستی لەسروشتدا بەدی ناكرێت، لەهەموو خانەكانی لەشدا بەشێوەی فۆسفەیت هەیە. كانزای فۆسفۆر گرنگە بۆ دروستبوون و بینای ئێسك و ددانەكان شان بەشانی كانزای كالسیۆم لەگەڵ باشتركردنی فرمانی ماسوڵكە و دەمارەكان و یارمەتیدانی كرداری گۆڕینی خۆراك بۆ وزە، هەروەها گرنگە بۆ هێشتنەوەی باڵانسی كالسیۆم لە لەشدا. لەپزیشكیدا ئاوێتەكانی فۆسفەیت Phosphates سوودیان لێوەردەگیرێت بۆ چارەسەركردنی قەبزی، بەردی گورچیلە، بەرزبوونەوەی ئاستی كالسیۆم لەخوێندا. سەرچاوە خۆراكییەكانی فۆسفۆر ئەمانەن: شیر، پەنیر، پاقلەمەنییە وشكەكان، نۆك، گوێز، باوی، كازو، فستق، تۆوی كولەكەی زستانە Pumpkin seeds. پێویستی ڕۆژانەی فۆسفۆر بۆ پێگەیشتووان بریتییە لە700 ملگم، كەچی منداڵ لەتەمەنی 9-18 ساڵیدا پێویستی ڕۆژانەی زیاترە كە دەگاتە 1،250 ملگم، واباشترە كە فۆسفۆر تەنیا لەڕێگای خۆراكەوە دابین بكرێت. نیشانەكانی كەمبوونی فۆسفۆر لە لەشدا بریتین لە: بێهێزی ماسوڵكەكان، تێكچوون لە گرژبوونی ماسوڵكەی دڵ، لەهەندێك حاڵەتی سەختدا لەوانەیە كە تێكچوونی باری دەروونی و پەركەم و لەهۆشچوون ڕووبدات. زیاد وەرگرتنی فۆسفۆر یان ئاوێتەكانی فۆسفەیت بەشێوەی دەنك كاریگەری نێگەتیڤ دەكاتە سەر تەندروستی.