هێراكلیتس نزیكەی 480 تا 540 ی پێش زایین لە هەمان سەردەمی پارمێنیدسدا ژیاوە و خەڵكی ئیفیسۆسی ئاسیای بچووك بووە، بەڕای ئەو گۆڕانكارییە بەردەوامەكان كتومت خاسیەتی بنەڕەتیی سرووشتن، دەكرێت بڵێین: هیراكلیتس بە بەراوردكردنی لەگەڵ پارمێنیدسدا زیاتر متمانەی بە هەستەكانی دەكرد. ئەو دەیگوت هەموو شتێك لە جووڵەدایە و هیچ شتێك هەتا هەتایی نییە، لەبەر ئەوە ناتوانم دوو جار بچمە ناو هەمان ئاوەوە، چونكە كاتێك بۆ جاری دووەم دەچمە ناوی هەم ئاوەكە و هەم منیش شتێكی دیكەین. هەروەها هیراكلیتس دەیگوت: جیهان مۆركی دژایەتییەكی بەردەوامی لەخۆگرتووە، ئەگەر هەرگیز نەخۆش نەكەوین، ئەوا ناتوانین لە لەشساغی تێبگەین، ئەگەر هەرگیز برسیمان نەبووبێت، ئەوسا تێربوون بەهیچ جۆرێك دڵی خۆش نەدەكردین، ئەگەر شەڕ نەبوایە، هەرگیز رێزمان لە ئاشتی نەدەگرت و ئەگەر زستان نەبوایە، هەرگیز چێژمان لەبەهار نەدەبینی. هیراكلیتس پێی وابووە چاكە و خراپە شوێنێكی پێویستیان لە سەرجەم شتەكاندا داگیركردووە، ئەگەر یاریی بەردەوامی نێوان دژایەتییەكان نەبوایە، ئەوا جیهان كۆتایی دەهات. بەپێی هیراكلیتس ئێمەی مرۆڤ هەرچەندە وەك یەكتری بیرناكەینەوە، یان هەمان ژیرێتیمان نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا یەك شێوە ژیرایەتیی جیهان بوونی هەیە و ئەمەش جڵەوی هەموو رووداوەكانی نێو سرووشتی بەدەستەوەیە. بە بڕوای ئەو هەرچەندە زۆربەی خەڵكی بەپێی ژیرایەتیی تایبەتی خۆیان دەژین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژیرایەتی ژیانە، یا یاسایی سرووشتە كە بۆ هەمووان هاوبەشە و دەشێ هەموو مرۆڤێك پەیڕەوی بكات. بەشێوەیەكی گشتی هیراكلیتس سەرنجی بەلای بیركردنەوەی خەڵكانی دیكەدا رانەدەكێشا، بەڵكو دەیگوت ئەو بڕوایەی زۆربەی خەڵكی لە لایان گەڵاڵە بووە، دەكرێت لەگەڵ یاریی منداڵی بچووكدا بەراورد بكرێت. هیراكلیتس بوونێكی گشتی، یان سەرجەمێكی گشتی، یان سەرجەمێكی لە نێوان گۆڕانكارییە سرووشتییەكان و دژەكاندا دەبینی، ئەم شتە كە بنچینەی هەموو شتێكی دیكەیە، ئەو پێی دەگوت «لۆگوس» ك بە واتای هزر دیت.