لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، ئافرەتان لە هەموو تەمەن و بوارێكدا توانا و لێهاتوویی خۆیان لە كار و پیشەكانیاندا دەخەنەگەڕ، كە هەندێكیان، پێش پیاوان كەوتوون، دواجار ئافرەتێكی ژاپۆنی كە تەمەنی لە لێواری كەوتن و پیربووندایە، داهێنانێكی لە بواری تەكەنەلۆژیای (ئای تی)دا كردووە، ئەو ئافرەتە ناوی (ماساكو واكامیا)یەو تەمەنی (83) ساڵە، ماوەی (17) ساڵە لە بواری (ئای تی) كاردەكات و چەندین كار و چالاكیی لە بواری كارەكەیدا تۆمار كردووە، دواجار ئەپلیكەیشنێكی بەناوی (هینادان – Hinadan) داهێناوە، ئەو بیرۆكەیەی لە كاتی وەرگرتنی مووچەی لە بانكدا بۆ هاتووە، لەو كاتەی بینیویەتی كە كەسانی دیكەی وەك خۆی لەسەر ئامێرەكانی مۆبایل و ماك و ئایپاد خەریكی یارین. ئاپەكەی ئەو ئافرەتە پیرە بریتییە لە یارییەك كە بیرۆكەكەی لە فیستیڤاڵی (هینا ماتسوۆری) وەرگرتووە، لەو فیستیڤاڵەدا كە بۆ سەدەكانی (9 و 12) دەگەڕێتەوە، پێویستە شا و شاژنی گونجاو بۆ یەكتر دیاری بكرێن، بیرۆكەكەی ئەو ئافرەتەش ئەوەیە كە چۆن ئافرەتێك لەو تەمەنە بتوانێت شایەكی گونجاو بۆ خۆی بدۆزیتەوە، تا ئێستا ئەپەكەی ئەو ئافرەتە (42) هەزار جار داونڵۆد كراوە.