نێچیرڤان بارزانی؛ ئەندازیاری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێم
چەمکی "ئەندازیار" گوزارشتێکی تەواو و وردە بۆ هەنگاوە دیپلۆماسییەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی؛ چونکە دواجار ئەو ڕاستییەی سەلماندووە کە ئەندازیارێکی کارامەیە بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان. سەرۆکی هەرێم بە زمانێکی میانڕەو و دیپلۆماسییەتێکی واقیعبینانە، بووەتە جێگەی بایەخی پایتەختە بڕیاربەدەستەکانی وەک ئەبو زەبی، پاریس و واشنتۆن. ئەم سیاسەتە نەرم و هاوسەنگە پەیامێکی ڕوونی بۆ جیهان تێدایە؛ کە هەرێمی کوردستان نەک هەر هەڕەشە نییە، بەڵکو ناوەندێکی گرنگی کۆکەرەوە و جێگەی متمانەی هەموو لایەکە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر.
ئەگەر سەیری دەوڵەتی ئیمارات بکەین، وەک مۆدێلێکی سەرکەوتووی ئاوەدانی لە ناوچەکەدا دەردەکەوێت. لێرەدا کاتێک ئەندازیارێکی ئاوەدانی وەک نێچیرڤان بارزانی سەردانی ئەو وڵاتە دەکات، ئامانجەکەی ڕوونە: پەلکێشکردنی ئەو ئەزموونە سەرکەوتووە و فەراهەمکردنی ژینگەیەک بۆ گەشەپێدانی زیاتری هەرێمی کوردستان. پەیوەندییەکانی ئەم دەوڵەتمەدارە لە ئێستادا لە ئاستی "پڕۆتۆکۆڵی" تێپەڕیوە و گەیشتووەتە ئاستی "هاوبەشیی ستراتیژی". ئەمەش ئەو تایبەتمەندییەیە کە نەک تەنها لەسەر ئاستی عێراق، بەڵکو لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش پێی دەناسرێتەوە. لە کاتێکدا دەوڵەتان خەریکی داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانیانن لە بوارەکانی ئابووری، وەبەرهێنان و ئاسایشدا، نێچیرڤان بارزانی مێژوویەکی درێژی لەم هەنگاوانەدا هەیە.
گرنگیی ئەم دیدارانە، بەتایبەت لەم ساتەوەختەدا، لەوەدایە کە ناوچەکە بە گۆڕانکاریی توند و هەستیاردا تێپەڕ دەبێت. لە ئاستی ناوخۆیی و پەیوەندی لەگەڵ بەغدادا، ئەم جوڵە دیپلۆماسییانە پێگەی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی زیندوو و خاوەن بڕیار لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا بەهێزتر دەکات. ئەمە پەیامێکی دووبارەیە کە ئێستا زیاتر لە هەمیشە پێویستمان بە هەماهەنگی و پێکەوەیی هەیە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان.
پێویستە تێبگەین کە ئەم سەردانانە تەنها گەشتێکی دیپلۆماسی سادە نین، بەڵکو هەڵگری چەندین پەیامی ستراتیژین بۆ ئێستا و ئایندە. پێشوازیکردن لە سەرۆکی هەرێم لەلایەن سەرۆکی دەوڵەتێکی وەک ئیمارات بەو گەورەیی و بایەخەوە، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستووری و سیاسیی سەقامگیر مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. ئەم پێگەیەش کارتێکی بەهێز دەبێت بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمایەکی پتەو، هاوکات دەرگایەکی کراوە دەبێت بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی بەرەو هەرێم.
لەکۆتاییدا دەکرێت بڵێین؛ نێچیرڤان بارزانی وەک ئەندازیارێکی کارامە، بەهۆی دیدگا و پەیوەندییە بەردەوامەکانی، توانیویەتی ناوی هەرێمی کوردستان لە ناوچەیەکی "کێشەدار"ەوە بگۆڕێت بۆ "ناوەندێکی چارەسەر" و سەقامگیری.

شاد حمەامین علی