قەوان یەكێكە لە كۆنترین و نایابترین ئامێرەكانی میوزیك، لە نێو كوردەواریشدا یادەوەری و گوێگرتن لە نۆتە و ئاوازەكانی گۆرانی لەو ئامێرەدا بۆ سەردەمی كۆن دەگەڕێتەوە كە وەبیرهێنانەوەی رەسەنایەتی و رۆژەكانی ئەو سەردەمەیە. جاران لە ماڵان و لە نێو چایخانەكاندا دادەنرا، قەوان ئامێرێكی كۆنە و مێژووی دروستكردنی بۆ ساڵی (1899) دەگەڕێتەوە. ئەو ئامێرە بە (فۆنۆگراف و گرامافۆن) ناسراوە، لەلایەن داهێنەری ئەمریكی (تۆماس ئەدیسۆن) دروستكراوە، ناوەكەی واتە (نووسینی دەنگی) دێت، كە لە هەردوو وشەی (فۆنۆ - phono (φωνή واتە دەنگ و (گراف - graph – γραφή) واتە نووسین دێت. ئەو پارچە بازنییەی كە بە سیدی قەوان ناسراوە، لە كاتی ریكۆردكردن لە دەرەوە بۆ سەنتەری قەوانەكە ریكۆرد دەكرا، ئەو ئامێرە بەر لە چلەكان هێنراوەتە كوردستان، قەوان لە چەند پارچەیەك پێكدێت لەوانە: قەوان ئەو دیسكەی كە گۆرانی لەسەر تۆمار دەكرا، جاران لە قیڕ دروست دەكرا، هەروەها بووقێكی گەورەكردنی دەنگی هەیە و دەرزییەكی تایبەتیش بۆ خوێندنەوەی قەوانی لەسەرە كە عەینەی هەڵگری دەرزییەكەیە و سنی هەڵگری قەوانە، بەشێكی دیكەی بریتییە لە هێواشكردنەوە و خێراكردنی سووڕاندنەوەی قەوانەیەكەیە ئەو بەشە لە ژوورەوەی ئامێرەكە هەبوو، بەشێكی دیكەی پەروانە و سپرنگ هەیە بۆ سووڕاندنی قەوانەكە و هەروەها هندریی قورمیشكردنی سپرینگەكە بە دەست قورمیش دەكرێت، بە ناوبانگترین ماركەی سندووقی قەوان ئەبو كەڵب بوو كە بە ئینگلیزی (his masters voice) بووە. وەستا مۆفەق عەلی، كە خاوەن دەزگای چاككردنەوەی ئامێرە دەنگییەكانە. دەربارەی قەوان چەند زانیارییەكی پێمان بەخشی و گوتی: ناوی قەوان لەلایەن باوك و باپیرانمانەوە ئەو ناوەیان لێی ناوە، لە ئێران پێی دەگوترێت (سەفحە)، ئالیەتی كاركردنی قەوان ئەلیكترۆنی نییە، بەڵكو میكانیك و فیزیاوییە، دوو جۆرە قەوان هەیە، جۆری یەكەم بە قەوانی سەندووق دەناسرێت و بۆڕی نییە، یان بووقەكەی نییە، لە جیاتی سەماعە و بۆڕی هەیە دەنگەكە دێتەوە ناو سەندووقی جەنتای قەوان و بەمەش دەنگەكە گەورە دەبێت، جۆری دووەم بە بۆڕییە و كاری ئەو بۆڕیە گەورەكردنی دەنگەكەیە وەك ئەوەی تەسجیلێك بێت سەماعەی داخلی هەبێ و دەنگەكە لە دەرەوە گەورە بكات. پێكهاتەكانی قەوان بریتین لە: چەندین كەرەستەی ناوەوە لەوانە زەمبەلەگ و چەند دیشلێك، كە وەك ناوەوەی كاتژمێری كۆن وایە، هندریش هەیە قورمیش دەكرێت و قورمیشەكەی پڕدەكات، بەشی سەرەوە لە سنییەك پێكهاتووە و قەوانەكە دێتە سەری كە بە قەبارەی عەینەگی هەیە و دەرزییەكی پێوە، ئەو دەرزییە سەرێكی بە سەماعەكەوەیە و ئەگەر گەورە بێت و بە بۆڕیەكە دەبەسترێتەوە بە كردارێكی فیزیاوی و لێخشاندن دەنگەكە دروست دەبێت. ماوەی رووی هەر قەوانێك (3) خولەك دەبێت واتە بە هەردوولاوە دەكاتە (6) خولەك. كاری تۆماركردنی قەوان لەلایەن كۆمپانیاكانەوە بووە، وەك: ئۆدیۆن، كایرافۆن، بەیزافۆن لە بەیروت، نەعیم لە عێراق، چەخماخچی بوو، كلێشەك هەبوو، فافۆن بوو، بە قەبارەی قەوانەكە و بە گوێرەی دەرزییەكە و شوێنەكەی دەكۆڵی و دەنگەكەی تۆمار دەكرد، مایكرۆفۆنەكانیش هەبوون، كلێشەكەیان دەبردە بەریتانیا وەك ئەوەی (2000) قەوانی لەسەر ئەو كلێشەیە تۆمار بكرێت. قەوان زوو تێكدەچوو و دەسووا و لووس دەبوو، هەر قەوانێك بە درەمێك بوو، پێشوو بە عانە بووە.