وەزیرى ناوخۆى تورکیا دەستى لەکار کێشایەوە

وەزیرى ناوخۆى تورکیا دەستى لەکار کێشایەوە
ئەفکان ئالا وەزیرى ناوخۆى تورکیا دەستى لەکار کێشایەوە و وەزیرى کارو بارى کۆمەڵایەتیش کرا بە وەزیرى ناوخۆى تورکیا.

سەرچاوەکانى هەواڵ لە تورکیا ئەمشەو ٣١ى ئابی ٢٠١٦ بڵاویانکردەوە، بینالى یەڵدرم سەرۆک وەزیرانى تورکیا لە دواى کۆبوونەوەى لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا لە بێشتەپە ڕایگەیاند، ئەفکان ئالا وەزیرى ناوخۆى تورکیا، کە هاوکات پەلەمانتارى شارى بورسایە لەسەر لیستى ئاکەپە، دەستى لە پۆستى وەزیرى وەزارەتى ناوۆخۆ کێشاوەتەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، سولەیمان سۆیلو وەزیرى کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتیى تورکیا و پەرلەمانتارى پارێزگاى ترابزۆن لەسەر لیستى ئاکەپە، لە بریى ئەفکان ئالا کراوە بە وەزیرى ناوخۆى تورکیا.

هەروەها محەمەد موەزین ئۆغڵو جێگرى سەرۆکى گشتیى ئاکەپە لە بریى سولەیمان سۆیلو کراوە بە وەزیرى کار و ئاسایشى کۆمەڵایەتیى حکومەتى تورکیا.

تا ئێستا هۆکارى دەست لەکارکێشانەوەى وەزیرى ناوخۆى تورکیا ئاشکرا نەکراوە.

وەزیرى ناوخۆ یەکێکە لە پۆستە هەستیارەکان و وەک زۆربەى وڵاتانى دونیا، هێزە ئەمنییەکان و پۆلیس و پارێزگار و قائیمقامەکان لە ژێر دەستى وەزیرى ناوخۆدا کار دەکەن.

هێزەکانى پۆلیسى تورکیا لە سەرکوتى کودەتا سەربازییەکەى سوپاى تورکیادا لە شەوى ١٥ى تەمووزی ٢٠١٦دا ڕۆڵى یەکلاکەرەوەیان گێڕا. هەروەها هێزەکانى پۆلیسى تورکیا لە شەڕى شارەکانى باکوورى کوردستان لە دژى هێزەکانى یەپەسە و دەستگیرکردنى چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان و مامۆستایانى زانکۆدا ڕۆڵى کارا دەگێڕێن.
NRT -
Top